"یاد سەربازە"
ئاسایشی راپەڕین ناسنامەی تەرمەکەی بناری قەندیلی پشتڕاستکردەوە
فەرمان مەلاحەسەن – راپەڕین
دوای چەند رۆژێک لە چاوەڕوانی، دواجار ئەنجامی پشکنینی دی ئێن ئەی دۆسیەی ونبوونی (یاد سەرباز) یەکلایی کرایەوە و دەرکەوت پارچەی ئەو تەرمانەی لە بناری قەندیل دۆزراونەتەوە هی یاد سەربازە.
شەوی رابردوو ئەنجامی پشکنینی DNA بۆ ئەو پارچە تەرمانەی لە بناری قەندیل دۆزرابوونەوە گەڕایەوە، بێستون حەسەن خاڵی یاد سەرباز بۆ 964 وتی، “ئەنجامی پزیشکی دادوەری دەریخستووە کە ئەو ئێسک و پروسکانەی دۆزراونەتەوە، هی یاد سەربازی خوارزامە، بەڵام جارێ دەرنەکەوتووە چۆن و بە چی کوژراوە”.
یاد سەرباز، لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا لەگەڵ خێزانەکەیدا بەمەبەستی جەژنە پیرۆزە سەردانی گوندی (ئێندزێ)ی لە بناری قەندیل کردبوو بۆ ماڵی باپیرەی، بەڵام هەر لەوێ و لە کاتێکی نادیاردا شوێنبزربوو، پاش چەند رۆژێک لە گەڕانی بەردەوامی هێزە ئەمنییەکان و خەڵکی ناوچەکە، پارچەی تەرمێک لە ناوچەکە دۆزرایەوە کە گومان دەکرا هی ئەو بێت، تا دواجار پشکنینی DNA راستیی رووداوەکەی سەلماند.
پێداچوونەوە: پەری ساڵح