لە کێڵگەکەی شێخان

گەڵف کیستۆن بە تەواوی ئامادەی بەرهەمهێنانەوەی نەوتە

ئەحمەد مستەفا

کۆمپانیای گەڵف کیستۆنی بەریتانی، بەتەواوی ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی خێرای هەناردەکردنی نەوت لەهەرێمی کوردستان، لەكاتێكدا عەلی زەیدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق ئامادەیی نیشانداوە بۆ گەرەنتی كردنی لایەنی ئەمنی كۆمپانیا نەوتییەكان لەكێڵگەكانی هەرێمی كوردستان.

کۆمپانیای گەڵف کیستۆن پێترۆلیۆم “GKP” راپۆرتێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، کۆمپانیاکە هێڵە گشتییەکانی ستراتیجییەتی دولایەنەی خستوەتەڕوو، وەکو خۆی دەڵێت بنچینەکەی لەسەر کەمکردنەوەی خەرجییەکان و پاراستنی توانای دارایی و سەرمایەکەیەتی.

کۆمپانیای گەڵف کیستۆن، لە  28.2.2026 دا، بەهۆی دۆخی ناوچەکەوە، بەشێوەیەکی کاتی بەرهەمهێنانی نەوتی لەکێڵگەی شێخان راگرت؛ لەو بارەیەوە دەڵێت، ئەمەش بووە هۆی وەستانی سەرچاوەی داهاتی سەرەکیی کۆمپانیاکە کە تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.

بەگوێرەی دوایین راپۆرتی کارگێڕیی کۆمپانیاکە، جەخت لەوە کراوەتەوە ژێرخان، تیمەکانی کارکردن و بڕی دارایی پێویست لەدۆخی ئامادەیی دەستبەجێدا ماوەتەوە، بۆ ئەوەی لەگەڵ جێگیربوونی دۆخی ناوچەکە، پرۆسەی بەرهەمهێنان بەکۆی تواناوە دەستپێبکاتەوەو نەوت بۆ بازاڕە نێودەوڵەتییەکان هەناردە بکرێتەوە.

کۆمپانیاکە دەشڵێت، تیمە تەکنیکییەکانی گەڵف کیستۆن پلانێکی چالاک بۆ پاراستنی کێڵگەکە جێبەجێ دەکەن، تاوەکو لەکاتی رەخسانی دەرفەتدا، بەبێ دواکەوتنی تەکنیکی پرۆسەی بەرهەمهێنانی نەوت دەستپێبکاتەوە، کە تێکڕای ئاستی پێشبینیکراوی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی شێخان لەلایەن کۆمپانیای گەڵف کیستۆن بە بڕی 55 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا دیاریکراوە.