60 خێزانی ئاوارە لەناو قوتابخانەیەکی بێ کارەبا و ئاون
لە کۆبانێی “گەمارۆدراو” هۆشداری لە کارەساتی گەورەی مرۆیی دەدرێت
964+
فەرهاد حەسەن
لە شاری کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان سەرەڕای ئەوەی ماوەی چەندین رۆژە لەلایەن چەکدارەکانی سوپای عەرەبی سوری گەمارۆ دراوە و لە تەواوی خزمەتگوزارییەکی وەکو ئاو و کارەبا و ئینتەرنێت دابڕێندراوە، کەچی ژمارەیەکی زۆری خێزانی ئاوارە لە شارەکانی دیکەوە روویان لەو شارە کردووە و هۆشداری لە کارەساتی گەورەی مرۆیی دەدرێت.
روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵیت، تەنیا لە ناو قوتابخانەیەکی کۆبانی لەم کەشە ساردەی زستان 60 خێزانی ئاوارەی عەفرین دەژین، بەبێ ئەوەی قوتابخانەکە ئاو و کارەبای هەبێت.
دیمەنێکی مرۆیی ئازاربەخشە کە دەبیندرێت دەیان خێزان ئاوارەبوو لە عەفرین و ئەوانەی لە ناوچەی تەبقە و رەقەوە دەگەن، پەنایان بۆ قوتابخانەکانی شاری کۆبانی بردووە، ئەوانە بەهۆی خراپبوونی بارودۆخی ژیانیان ئاوارە بوونە، کەچی لە کۆبانێ خۆیان واقیعێکی توندتری ژیانکردن دەبیننەوە.
سەرچاوەکانی روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێن، هەموو ئەو قوتابخانانەی کە ئاوارەکان لە کۆبانی داڵدەدەدەن، بە دەست قەیرانێکی مرۆیی توندەوە دەناڵێنن، چونکە هیچ یەکێک لەو قوتابخانانە کارەبا و ئاو و گەرمکەرەوەیان نییە، ئەمەش ئازارەکانی ژنان و منداڵان و بەساڵاچووان زیاتر دەکات.
سەرچاوەکان پشتڕاستیان کردووەتەوه که ئەو هاوکارییه مرۆییانەی لەلایەن بەشێک له رێکخراوه مرۆیییەکان و مانگی سووری عەرەبی سورییەوه پێشکەش به شاری کۆبانی دەکرێن، زۆر کەمتره لەو پێداویستیانەی کە ئاوارەکان پێویستیانەم چونکە “هاوکارییەکان نەگەیشتووەنەتە زۆرینەی قوتابخانەکان”.
ئاوارەکان کە بەهۆی ترسناکییەکانی شەڕ هەڵاتوون و ماڵ و حاڵیان جێهێشتووە، تەنیا بەوە راگەیشتتن دەستێک جلوبەرگ بخنە ناو کۆڵەپشتیانەوە، بۆیە زۆر پێویستیان بە یارمەتی بە پەلە هەیە بۆ رزگارکردنیان لەو هەڕەشە مرۆییەی لەسەر ژیانیان هەیە.