قبوڵکراو نییە

لەسەر کێشانی ئاڵای کوردستان لە قوتابخانە دەرکرا؛ وەزیرى پەروەردە لەسەر قوتابییەکە هاتە دەنگ

964+

وریا فەتاح

وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان، ئالان حەمە سەعید، دەستوەردانی بەپەلە دەکات لە کێشەی قوتابییەکی کورد لە شاری کەرکوک، کە بەهۆی کێشانی وێنەی ئاڵای کوردستان لە قوتابخانەکەی دوورخرابووەوە.

قوتابی (دیار خەلیل) کە لە قوتابخانەیەکی ناحکومیی سەر بە سیستمی فیدراڵی لە کەرکوک دەخوێنێت، لە وانەی هونەردا وێنەی ئاڵای کوردستانی کێشابوو، بەو هۆیەشەوە لەلایەن کارگێڕی قوتابخانەکەیەوە بڕیاری دوورخستنەوەی بۆ دەرچوو.

ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە رایگەیاند: “راستەوخۆ بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی کەرکوکم راسپارد کە ئەمە بەهیچ جۆرێک قبوڵ نەکرێت و پەیوەندی بە پەروەردەی گشتی کەرکوکەوە بکەن.”.

وەزیر ئاماژەی بەوەش کرد کە لایەنی پەیوەندیدار لە حکومەتی فیدراڵ بەڵێنیانداوە سبەی کێشەکە چارەسەر بکەن و لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو قوتابخانەیەدا بکەن کە بڕیارەکەی داوە.

هەروەها وەزیری پەروەردە وەک پشتگیرییەک بۆ ئەو قوتابییە، بڕیاریدا تەواوی تێچووی خوێندنی “دیار خەلیل” لە ئەستۆ بگرێت و دڵنیایی دا کە دەرگای هەموو قوتابخانە کوردییەکانی کەرکوک لەبەردەم ئەو قوتابییەدا واڵایە و بێ خوێندن نامێنێتەوە.

خوێندنى کوردى لە خورماتوو  پەراوێز خراوە

خوێندنى کوردى لە خورماتوو پەراوێز خراوە