لە نەخۆشخانە دەمێننەوە
سێ بریندارەکەی رووداوەکەی کەسنەزان لە چاودێری چر نەماون
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
هەر حەوت بریندارەکەی رووداوەکەی ئەمڕۆ کەسنەزان لە نەخۆشخانە دەمێننەوە، ئەمڕۆ کە بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر بە میدیاکانی وت، سێ کەسیان دۆخیان ناجێگیرە، درەنگانی ئەمشەو دەرکەوت ئەوانیش لە چاودێری چڕ نەماون.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 26.8.2026 لە دووسایدی کەسنەزان لە هەولێر بارهەڵگرێک کە گەچی هەڵگرتبوو، خۆی بە چەندین ئۆتۆمبێلدا کێشا و ئاگرێکی گەورەی لێکەوتەوە، جگە لە زیانی ماددی زۆر، رووداوەکە گیانلەدەستدان و برینداربوونی لێکەوتەوە.
پێنج لەو بریندارانە لە نەخۆشخانەی رزگاریین، هونەر شێخ بزێنی بەرێوبەری راگەیاندنی نەخۆشخانەی رزگاری بۆ 964 وتی، ئەمشەو هەر پێنج بریندارەكە لەلامان دەخەون و نانێردرێنە ماڵەوە، هەرچەندە بارودۆخیشیان باشە، بەڵام پێویستیان بە چاودێری پزیشكە.
لەبارەیی دوو بریندارەكەی تر بەرێوبەری كارگێری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی هەولێر، كاروان تۆفیق بۆ 964 باسی لەوەکرد، بڕیار بوو یەكێك لە بریندارەكان بهێندرێتە نەخۆشخانەی فریاکەوتن، بەڵام هەردوو بریندارەكە رەوانەی نەخۆشخانەی رۆژئاوا كراون.
سەرچاوەیەك کە ویستی ناوی ئاشکرا نەکرێ، لە چاودێری چڕی نەخۆشخانەی رۆژئاوای هەولێر بەپەیامنێری 964 وتووە، هیج یەك لەبریندارەكان لەچاودێری چڕ نەماون.
لە رووداوەکەدا، بەگشتی یەک کەس گیانی لەدەستدا و حەوت کەس برینداربوون، پێنج بریندار لە فریاکەوتنی نەخۆشخانەی رزگارین، لەنێویاندا کەسێک باری تەندروستیی ناجێگیرە، هەروەها دوو برینداری دیکەش کە دۆخی تەندروستییان ناجێگیر بووە، رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوا کرابوون.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا