لەبارەی ئەو نەخۆشخانەی داخرا سەندیکا قسەدەکات
سەندیکاکەیان: بەرگری لە پزیشکان دەکەین ئەگەر پابەندی رێنماییەکان بن
ئەحمەد مستەفا
لقی هەولێری سەندیکای پزیشکان رایگەیاند، ئەو پزیشکەی بەرپرسیار بووە لەو نەخۆشەی گیانی لەدەستدا، هەڵگری بەرزترین بڕوانامەی پسپۆڕییە و خاوەنی مۆڵەتی فەرمییە، وە دەشڵێ، بەرگری لە پزیشکان دەکەن ئەگەر پابەندی رێنماییەکان بن.
سەندیکای پزیشکانی کوردستان لقی هەولێر ئەمڕۆ شەممە 5.9.2026، بەیاننامەیەکی لەبارەی رووداوی گیانلەدەستدانی نەخۆشێک لە یەکێک لە نەخۆشخانە تایبەتەکانی شاری هەولێر بڵاوکردەووەتەوە.
سەندیکا ئاماژەی بەوەدەکات، پابەندکردنی پزیشک بە کارکردن تەنیا لە یەک نەخۆشخانەی تایبەت، خزمەت بە کەرتی تەندروستی ناکات و پێویستە کار لەسەر چارەسەری گونجاو بۆ ئەم خاڵە بکرێتەوە.
هەر لە بەیاننامەکەدا سەندیکا داوای کرد لێکۆڵینەوە بکرێت کە بۆچی لە کاتی رووداوەکەدا هۆڵەکانی نەشتەرگەری نەخۆشخانەی (ڕەسوڵ)ـی تایبەت داخراو بوون و بەشی چاودێری چڕ (ICU) لەژێر نۆژەنکردنەوەدا بووە. هەروەها دەبێت روون بکرێتەوە بە چ مۆڵەتێک نەشتەرگەری تێدا ئەنجامدراوە لە کاتێکدا مەرجەکانی سەلامەتی دابین نەکراوە.
سەندیکای پزیشکان لە بەیاننامەکەیدا داوا لە هاووڵاتییان دەکات پێش هەر نەشتەرگەرییەک بەرچاوڕوونییان هەبێت، چونکە هەموو نەشتەرگەرییەک بەپێی پێوەرە جیهانییەکان ئەگەری ماک و لێککەوتەی سادە و ئاڵۆزی هەیە.
پێشتر وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو نەخۆشخانەیەی بەیەکجاری داخست کە پابەندنەبوون بە بڕیاری وەزارەت و بووە هۆی گیان لەدەستدانی نەخۆشێک.