کەلار

مێردمنداڵێک لەناو مەلەوانگەیەکى سەفەریدا خنکا

میلاد جەلال- گەرمیان

لە کاتى مەلەکردن لەناو یەکێک لە مەلەوانگە سەفەرییەکانى ماڵەوە، مێردمنداڵێکى تەمەن 16 ساڵ گەشکە لێى دەدات و دەخنکێت.

رووداوەکە ئێوارەى ئەمڕۆ بووە، رەفیق قادر، بەرێوەبەری نەخۆشخانەی  فریاکەوتنی شەھید ھەژار لەکەلار بە 964ـى وت،”کەمێک پێش ئێستا تەرمی مێردمنداڵێکیان ھێنایە نەخۆشخانەکەیان، لەناو مەلەوانگەیەکى ماڵەوە خنکابوو”.

“ئەو مێردمنداڵە تەمەنی 16 ساڵه، ماڵیان لەگەڕەکی بنگردە لەکەلار، نەخۆشی گەشکەی ھەبووە، لەماڵی خۆیان رۆشتۆتە ناو مەلەوانگە سەفەرییەکەیا و گەشکە لێیداوە و ماڵەوەیان درەنگ پێیان زانیوە، خنکاوە”،رەفیق قادر وای وت.

ئاماژەی بەوەش کرد، تەرمەکەشی رەوانەی پزیشکی دادی کەلار کراوە، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیانیش دەڵێت، پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ رووداوەکە کردۆتەوە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح