یەکەم قوتابخانە کەمپینیان راگەیاند
لە خورماتوو کچانی خوێندکار قژیان بۆ رۆژئاوا هۆنییەوە
964+
سیروان خورشید- خورماتوو
خوێندنگەی “کوردستانی کچان” وەک یەکەم ناوەندی خوێندن لە قەزای خورماتوو، بە فەرمی بەشداریی کەمپینی پشتیوانیی رۆژئاوای کوردستانیان کرد و جگە لە کۆمەکی مادی، بە شێوازێکی سیمبولی پاڵپشتیی خۆیان بۆ کچان و ژنانی رۆژئاوا دەربڕی.
مامۆستایان و خوێندکارانی خوێندنگەکە، سندوقی کۆکردنەوەی هاوکارییان لە بەردەم دەروازەی سەرەکیی قوتابخانەکەیان داناوە، ئەم دەستپێشخەرییە وەک یەکەم هەنگاوی دامەزراوە پەروەردەییەکان لە خورماتوو دەبینرێت بۆ هاوکاریکردنی ئاوارە و لێقەوماوانی ڕۆژئاوا.
لە جوڵەیەکی سیمبولی و کاریگەردا، بەشێک لە کچە قوتابییەکانى قوتابخانەکە قژیان هۆنییەوە، ئەم هەنگاوە وەک ئاماژەیەک بۆ هاوسۆزی و پشتیوانی لە “بەرخودانی کچان و ژنانی رۆژئاوا” ئەنجامدرا، کە لە کولتووری کوردیدا نیشانەی هێز و یەکگرتوویی و هاوبەشیی خەمەکانە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح