زەنگى مەترسى لێدرا
چوار منداڵ بە کۆبانێ بەهۆى نەبوونى خۆراک و سەرماوە گیانیان لەدەستدا
964+
وریا فەتاح
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، زەنگی مەترسی لەبارەی رەوشی مرۆیی و تەندروستیی شاری کۆبانێ لێدەدات و رایدەگەیەنێت، بەهۆی گەمارۆ و شەڕەوە، منداڵانی شارەکە رووبەڕووی مردن بوونەتەوە.
پزیشکێک لە نەخۆشخانەی “ئەمەلی نوێ” لە ناو کۆبانێ بە ڕوانگەی سووری راگەیاندووە، چوار منداڵ بەهۆی وشکبوونەوەی جەستە (تینوێتی)، کەمیی خۆراک و سەرمای توندەوە گیانیان لەدەستداوە.
دەشڵێت: ژمارەیەک کۆرپە لە کاتی لەدایکبووندا گیانیان لەدەستداوە، بەهۆی ئەوەی کارەبا بڕاوە و ئۆکسجین لە بەردەستی پزیشکەکاندا نەماوە.
لە ئێستادا شارەکە بەدەست قەیرانێکی خنکێنەرەوە دەناڵێنێت و ئەمانەی خوارەوە لە بازاڕەکاندا نەماون:
1. شیری منداڵ بە تەواوەتی بڕاوە.
2. دەرمان و پێداویستییە پزیشکییە سەرەتاییەکان نەماون.
3. خەڵک پەنایان بۆ بەکارهێنانی ئاوی پیس و پاشماوەی بنەی تانکییەکان بردووە بۆ خواردنەوە، ئەمەش مەترسیی کۆلێرا و نەخۆشییەکانی تری زیاد کردووە.
ئەم دۆخە سامناکە لە کاتێکدایە کە هێزەکانی سەر بە “حکومەتی کاتی” و فەسیلەکان گەمارۆیەکی توندیان خستووەتە سەر کۆبانێ، هاوکات لە گوندەکانی دەوروبەری شارەکە، پێکدادانی سەخت لە نێوان ئەو فەسیلانە و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بەردەوامە، کە بووەتە هۆی پەککەوتنی تەواوەتی رێگاکانی گەیشتنی هاوکاری.