"با سەردانەکان بەردەوام بن"

وەزیری ناوخۆی هەرێم لە بەغدایە “بەهێزکردنی هەماهەنگی دووپات کرایەوە”

فەرهاد حەسەن

وەزارەتی بەرگری عێراق دیمەنی پێشوازیکردنی لە رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەلایەن فەریقی یەکەمی روکن عەبدولئەمیر رەشید یاروڵڵا سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق بلاوکردەوە و دەڵێت، تاووتوێی چەندین مەلەفی هاوبەش و هەماهەنگییە ئەمنییەکان کردوەتەوە.

بەپێی راگەیەندراوێک، لە کۆبوونەوەی ئێوانیان، هەماهەنگی و بەرەنگاربوونەوەی تەحەدییەکان باسکراوە و سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق جەختی لە سەر گرنگی ئاڵوگۆڕی سەردانی بەردەوام و بەرهەمداری نێوان فەرماندە سەربازی و ئەمنییەکانی حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان کردووەتەوە.

هەردوولا باسیان لە بەهێزکردنی هەماهەنگی نێوان هێزە چەکدارەکانی عێراق و وەزارەتی ناوخۆی هەرێم کردووە، بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و یەکخستنی هەوڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تەحەدییە ئەمنییەکان بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندی نیشتمانی بکات.

ئاماژە بەوەشکراوە، هەردوولا جەختیان لەسەر بەردەوامی پەیوەندی و هەماهەنگییە هاوبەشەکان کردەوە، بە جۆرێک کە ببێتە هۆی بەرزکردنەوەی کارایی دەزگا ئەمنییەکان و پاراستنی ئارامیی وڵات.