وردەکاری سەردانەکەی وەزیری نەوت ئاشکرا کرا؛

“عێراق رێککەوتنێکی سێقۆڵی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نه‌وت له‌گه‌ڵ توركیا واژۆدەکات”

فەرهاد حەسەن

وەزارەتی نەوتی عێراق، وردەکاری سەردانی وەزیرەکەیانی بۆ وڵاتی تورکیا ئاشکرا کرد و ده‌ڵێت، ئامانجی سەردانەکە واژۆکردنی رێککەوتنێکە بۆ ماوەی ساڵێک بە مەبەستی بەردەوامبونی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە.

سه‌لیم ركابی، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی  راگەیاند، شاندێکی باڵای عێراقی بە سەرۆکایەتی باسم مەحمود، جێگری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوت، چونه‌ته‌ تورکیا بۆ واژۆکردنی رێککەوتنێکی کاتی بۆ ماوەی یەک ساڵ، وەکو ئامادەکارییەک بۆ واژۆکردنی رێککەوتنێکی گشتگیر و درێژخایەن لەگەڵ لایەنی تورکی کە پڕۆژەکانی کەرتی وزە لەخۆدەگرێت.

وتیشی “رێککەوتنەکە ئامانجیەتی هەناردەکردنی نەوتی خاوی عێراق لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە بەردەوام بێت”.

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی نه‌وت روونیكرده‌وه‌، رێککەوتنەکە سێقۆڵییە و لە لایەنی عێراقییەوە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سومۆ) و کۆمپانیای نەوتی باکور، و لە لایەنی تورکیشەوە کۆمپانیای (بۆتاش) لەخۆدەگرێت.

دەشڵێت “رێککەوتنەکە توانای هەناردەکردن بە 750 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا دیاری دەکات و گەیشتن بەو بڕە پەیوەستە بە باشبوونی دۆخی ئەمنی لە هەرێمی کوردستان، گەڕانەوەی کۆمپانیا بیانییەکان، دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان لە هەرێم، لەگەڵ گواستنەوەی نەوت لە باشورەوە بۆ باکور”.

ئەوەشی وتووە کە ئەم رێککەوتنە دەبێتە دەستپێک بۆ رێککەوتنێکی گشتگیر کە ئامانجی بەرزکردنەوەی توانای هەناردەکردنە بۆ زیاتر لە ملیۆنێک بەرمیل لە رۆژێکدا، دوای تەواوبونی هێڵی بۆری (بەسرە – حەدیسە – کەرکوک – جەیهان).

لە رۆژی 27.7.2026 ماوەی کارپێکردنی رێککەوتنی دوولایەنە کۆتایی هات، کە بۆ چەندین دەیە کارپێکردنی هێڵی عیراق – تورکیاى رێکدەخست و لەکاتی سەردانەکەی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عیراق بۆ تورکیا و کۆبونەوەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆک کۆمارى تورکیا کە لە چەند رۆژى رابردودا بوو، بەغدا و ئەنقەرە رێککەوتنی درێژکردنەوەى رێککەوتنامەکەیان ئیمزا نەکردەوە.