گەنجانی داودە بۆ دامەزراندن گردبوونەوە
ناکرێت گەنجانی کەلار و کفری ناویان تۆمار بکرێت بۆ دامەزراندن و ئێمەش پشتگوێ بخرێین
964+
هونەر فارس – گەرماین
بۆ دامەزراندن ژمارەیەک گەنجی ناوچەی داودە گردبوونەوەی ناڕەزایەتییان نیشاندا و رێگەی سەرەکی ناحیەکەیان داخست.
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 8.3.2023، بەشێک لە گەنجە دانەمەزراوەکانی چەند گوندێکی سنووری ناوچەی داودە، گردبوونەوەیەکی نارەزایەتییان نیشاندا و داوای دامەزراندنیان کرد و داوا دەکەن ناویان بخرێتەناو ئەو لیستە 100 کەسیەی کە بڕیارە بۆ لیوای 144ـی پێشمەرگە دابمەزرێن.
خۆپیشاندەران کە ژمارەیان نزیکەی 15 کەس زیاتر دەبوو، بۆ دەسخستنی وەڵام بە ناچاری رێگەی ناحیەی زنانەیان داخست.
داواکاری ئەوان ئەوەیە کە لە لیوای 144ـی پێشمەرگە دامەزرێن، ئەوان خۆیان بە شایانی دامەزراندن دەزانن و دەڵێن ناکرێت گەنجانی کەلار و کفری و شوێنەکانی دیکە ناویان تۆمار بکرێت بۆ دامەزراندن و ئێمەش کە هاوسنووری چەکدارانی رێکخراوی داعشین پشتگوێ بخرێین.
یەکێک لەو گەنجانەی کە لەگردبوونەوەکەدا بەشداربوو، لە ترسی ئەوەی لە دامەزراندن بێبەش بکرێت، نەیویست ناوی بڵاو بکرێتەوە قسەی بۆ 964 کردووە و دەڵێت: بێ ئیشین، ساڵانی پێشوو بەهۆی وشکەساڵیەوە بەشی زۆرمان ئاژەڵەکانمان فرۆشتووە و شوانیش نییە بیکەین، سنوورەکەشمان سنووری داعشە بۆیە خۆمان بە مستەهەق دەزانین و دەمانەوێت دابمەزرێین.
هەر بۆ ئەو مەبەستە پەیامنێری 964 پەیوەندی بە جەمال وارانی، فەرماندەی لیوای 144ـی هێزی پێشمەرگە کرد، بەڵام مۆبایلەکەی داخرابوو.
ئەو گەنجانە وەک خۆیان دەڵێن نیازیانە جارێکی دیکە لە رۆژی شەممەی داهاتوو لە ناحیەی زنانە گردبوونەوە ئەنجام بدەن.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق