"داعش بەشداری هێرشەکەی کردووە"

ئیلهام ئەحمەد: حکومەتی سووریا بەرپرسیاری کۆمەڵکوژییەکەی حەلەبە

964+

وریا فەتاح

هاوسەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، وردەکارى هێرشەکەى سەر هەردوو گەڕەکى شێخ مەقسود و ئەشڕەفییەى خستەڕوو، دەشڵێت: چەکدارانى داعش بەشداریان لە هێرشەکەدا کردووە.

ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، حكومەتی کاتى سووریا بەرپرسیاری سەرەكییە لە جێبەجێنەكردنی رێككەوتنی 10ـی ئازار و تەقینەوەی بارودۆخی حەلەب.

ئاشکراشى کرد، لە هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە حەلەب، 48 کەس گیانیان بەخشیووە.

بەوتەى ئیلهام ئەحمەد، حکومەتی سووریا بە 80 تانك هێرشی کردووەتە سەر ئەو دوو گەڕەکە، ئەمە لەکاتێکدایە کە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) پێشتر و بەپێی رێککەوتنی 1ـی نیسان لەو شوێنانە کشابوونەوە.

لەبارەى بەشداریکردنى چەکدارانى داعش لەو هێرشانەدا، ئیلهام ئەحمەد وتى،”چەکدارانی داعش و گرووپە تورکییەکان، ئەیغوور و چەکدارانی بیانی تر بەشدارییان لە هێرشەکەدا کردووە.

جەختى لەوەشکردەوە کە حکومەتی سووریا هێرشی کردووەتە سەر (کورد، عەلەوی، مەسیحی و درووزەکان)، ئەمەش پێچەوانەی مەرجەکانی ئەمریکایە بۆ لادانی سزاکان کە پاراستنی کەمینەکان بوو.

ئیلهام ئەحمەد داوای لە حکومەتی ئەمریکا کرد هەڵوێستی خۆی بەرامبەر کۆمەڵکوژییەکانی حکومەتی سووریا روون بکاتەوە و نەتەوە یەکگرتووەکان سەرپەرشتی پاراستنی خەڵک لە حەلەب و عەفرین بکات.

"ئەوەی لە شێخ مەقسود روویدا ناپاکی بوو نەک سەرکەوتنی سەربازی"