"بە 36 ملیۆن دۆلار 10 شوقەیان پێ تەواو نەکراوە"
خاوەنی شوقەکانی گۆڵدن تاوەرز لە هەولێر گردبوونەوە
964+
رێباز خدر – هەولێر
خاوەنی شوقەکانی گۆڵدن تاوەرز لە هەولێر لە بەردەم دەستەی وەربەهێنان گردبوونەوە و داوای رادەستکردنی شوقەکانیان لەلایەن بەڵێندەر و کۆمپانیای جێبەجێکارەوە دەکەن.
ئارام محەمەد یەکێک لە بەشداربووانی گردبوونەوەکە بە 964ـی وت، “کارەکانی ئەم پڕۆژەیە زۆر بەسستی ئەنجام دەدرێن، تەنیا چوار بۆ پێنج کرێکار رۆژانە کار لەم پڕۆژەیە دەکەن، لە کاتێکدا ئەم پڕۆژەیە پێکهاتووە لە 11 باڵەخانە و دوو هەزار و 500 شوقە، هەرچەندە زیاتر لە دوو هەزار و 100 شوقەی لێ فرۆشراوە، بەڵام تائێستا هیچکام لە ئێمە کلیلی شوقەکەمان وەرنەگرتووە”.
راستی حەمەڕەشید نوێنەری خاوەن شوقەکانیش قسەی بۆ مایکی 964 کردووە، ئەو دەڵێت، “36 ملیۆن دۆلار بۆ دروستکردنی ئەو شوقانە کۆکراوەتەوە، بەڵام تەنانەت نەیانتوانیوە 10 شوقە بۆ ئەو خەڵکە تەواو بکەن”.
ئاماژەی بەوەشکرد، ساڵی 2021 گرێبەستیان کردووە و لەکاتی خۆیدا قیستەکانیان داوە، قیستی یەکەم و دووەمیشیان داوە و دەبوو لە ساڵی 2023 شوقەکانیان رادەست بکەن.
خاوەنی شوقەکانی گۆڵدن تاوەرز داوا لە لایەنی پەیوەندیدار دەکەن بەدەمیانەوە بچێت و پڕۆژەکە بدات بە بەڵێندەرێکی دیکە.
پڕۆژەی گۆڵدن تاوەرز، پڕۆژەیەکی وەبەرهێنانە دەکەوێتە سەر شەقامی 150 مەتری شاری هەولێر، لەلایەن کۆمپانیای گۆڵدن ماونتن پڕۆژەکە وەرگیراوە و جێبەجێ دەکرێت.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری