تۆرى هاوپەیمانى 19

دڵشاد میرانی لە نیوەشەودا دەستگیرکرا؛ داواى بایکۆتى دەکرد

964+

وریا فەتاح

شەوی رابردوو هێزێکی ئەمنی لە شاری سلێمانی هەڵیانکوتایە سەر ماڵی مامۆستا دڵشاد میرانی، ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی و دەستگیریان کرد، ئەمەش دوای تەنیا چەند کاتژمێرێک لە بانگەوازێکی ئەو مامۆستایە بۆ ئەنجامدانی بایکۆتی سەرتاسەری.

دانا مەحمود تۆفیق، برای مامۆستا دڵشاد بە “تۆڕی هاوپەیمانی 19″ی راگەیاندووە؛ شەوی شەممە 3ـی کانوونی دووەمی 2026، هێزێکی ئەمنی چوونەتە سەر ماڵی براکەم و دەستگیریان کردووە، “براکەم هیچ کێشەیەکی یاسایی و کەسی نییە و نازانین بۆچی دەستگیرکراوە، بەڵام ئەگەرێکی زۆر ئەوەیە پەیوەندی بەو ڤیدیۆیەوە هەبێت کە تێیدا داوای مووچە فەوتاوەکانی کردبوو.”

رۆژی شەممە، دڵشاد میرانی لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا داوای کردبوو ئەو “46 مووچە”یەی کە لای حکومەتی هەرێم و عێراقە وەک قەرز، بۆ فەرمانبەران بگەڕێندرێتەوە، هاوکات بانگەوازی کردبوو کە ئەمڕۆ یەکشەممە 4ی کانوونی دووەمی 2026، بایکۆتی سەرتاسەری لە هەرێمی کوردستان دەستپێبکات.

تۆڕی هاوپەیمانی 19 (کە لەلایەن سەنتەری میترۆوە سەرپەرشتی دەکرێت)، نیگەرانیی قووڵی خۆی لە دەستگیرکردنی ئەو چالاکوانە دەربڕی و داوای لە لیژنەی ئەمنی سلێمانی کرد روونکردنەوە بدەن کە ئایا “هەر کەسێک داوای قەرزەکەی لە حکومەت بکاتەوە، دەبێت لە نیوەشەودا رەوانەی زیندان بکرێت؟”

شەوێک لە ژێر خێوەتی مامۆستایانی مانگرتوو

شەوێک لە ژێر خێوەتی مامۆستایانی مانگرتوو