لە ئۆکرانیا و غەززە برسێتی سەریهەڵداوە

راپۆرتێکی یونیسێف؛ ئەمساڵ خراپترین ساڵ بوو بۆ ملیۆنان منداڵ

964+

فەرهاد حەسەن

سندوقی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ منداڵان دەڵێت، برسێتی و شەڕ و نەخۆشیەکان لە ماوەی ساڵی 2025 دا بوونەتە مۆتەکە بەسەر ژیانی ملیۆنان منداڵ لەسەرتاسەری جیهان و‌ مه‌ترسی بۆ دروستکردوون‌.

یونیسێف، کە کمڤتکراوەی رێکخراوی سندوقی نەتەوە یەکگرتوەکانە بۆ منداڵان  لە راپۆرتی ساڵانەی 2025 دا روونیکردوەتەوە، کە منداڵانی ناوچەكانی شه‌ڕ وەک ئۆکرانیا و سودان رۆژانە روبەڕووی مەترسی مردن دەبنەوە.

کریستیان شنایدەر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یونیسێف لە ئەڵمانیا، کە مانگی رابردوو سەردانی خێزانەکانی لە ئۆکرانیا کردبوو، رایگه‌یاند، منداڵانی ناوچە جەنگییەکان زۆر دوورن لەوەی منداڵییەکی شایستەی ئەو ناوەیان هەبێت.

دەشڵێت “ترس لە شەو و رۆژدا ژیانیانی تەنیوە و زۆربەیان بەدەست خەمۆکی و تێکچونی خەو و دواکەوتنی گەشەکردنیانەوە دەناڵێنن و قوتابخانەکان و  گۆڕەپانی یارییەکانیشیان بەتایبەتیش لە ئۆکرانیا تۆپباران دەکرێن”.

بۆ یەکەمجارە رێکخراوی یونیسێف لە ماوەی ساڵێکدا برسێتی لە هەردوو وڵات سودان و فەڵەستین (کەرتی غەززە) تۆماردەکات، ئەوەی پشتڕاست کردووەتەوە کە برسێتی لەو دوو وڵاتەدا بەهۆی شەڕ و ململانێکانەوەیە کە دروستکراوی دەستی مرۆڤە.

بەپێی راپۆرتەکە، لە بەشێکی هەرێمی دارفور لە سودان لە ساڵانی 2024 و 2025 برسێتی دۆزراوەتەوە، لە بەشێکی کەرتی غەززەش لە هاوینی 2025 لە برسێتی راگەیەندراوە، دوای ئەوەی بەهۆی شەڕ و گەمارۆکان نەتواندرا هاوکارییەکان بگاتە دەستیان، هەرچەندە لە ئێستادا برسێتی نییە، بەڵام دۆخەکە بە ناسکی ماوەتەوە و 100 هەزار منداڵ بە دەست نائاسایشی خۆراکی توندەوە دەناڵێنن.

لە کۆماری کۆنگۆی دیموکراتیک لە ماوەی نۆ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا زیاتر لە 35 هەزار حاڵەتی توندوتیژی سێکسی دژی منداڵان تۆمارکراوە و ئەو وڵاتە خراپترین پەتای کۆلێرای لە ماوەی 25 ساڵدا بەخۆیەوە بینیوە.

نەتەوە یەکگرتوەکان بەرزترین ئاستی پێشێلکاری قورسی مافەکانی منداڵان و هێرشکردنە سەر کرێکارانی مرۆیی تۆمارکردوە، لە ساڵی 2024 دا 41 هەزار و 370 پێشێلکاریی جددی بەڵگەی لەسەر تۆمارکراوە، کە بە بەراورد بە ساڵی پێشوو بە ڕێژەی 25% زیادیکردووە.

هێشتا ئامارەکانی ساڵی 2025 بڵاونەکراونەتەوە، بەڵام رێکخراوەکە بە لەبەرچاوگرتنی قەیرانەکانی ئێستا چاوەڕوانی هیچ باشتربونێک ناکات.

یونیسێف جەختی لەوەکردەوە، بەرنامە کاریگەرەکانی هاوکاری توانای خۆیان سەلماندوە بۆ رزگارکردنی ژیانی خەڵک و دابینکردنی داهاتویەکی باشتر تەنانەت لە سەختترین بارودۆخدا، جەختی لێکردووەتەوە، پێشبینیش دەکات ساڵی 2026 پڕ بێت لە تەحەددا، بەڵام دەشڵێت بەردەوام دەبێت لە هەموو هەوڵێک بۆ پاراستنی منداڵان تاوەکو ئەو جێگایەی کە پێیان دەکرێت.