فەرمانگەی دابەشکردنی کارەبای کۆیە - وێنە: پەیجی فەرمانگەکە لە فەیسبووک
شۆرت لە فیدەرەکان درووست بووە
زیاتر لە 24 کاتژمێرە چەند گەڕەکێکی کۆیە بێکارەبان
964+
دەریا ئەحمەد -کۆیە
زیاتر لە 24 کاتژمێر تێپەریووە بەسەر بێکارەبایی بەشێک لە گەڕەکاکانی کۆیە و بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەباش دەڵێت شەوی رابردوو شۆرت لە فیدەرەکان دروست بووە و بەهۆی درەنگی کاتەکەوە، تیمەکان نەیانتوانیووە چارەسەری بکەن.
لوقمان حەوێزی بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای کۆیە بە 964ـی وت، ئاگادارن کە چەند گەرەکێک بێکارەبان بەڵام بەهۆی بەفربارین و درەنگ ئاگاداربوونیان لە بوونی شۆرتی کارەبا شەوی رابردوو تیمەکان نەیانتوانی کێشەکە چارەسەر بکەن و ئەمڕۆ بەشی سیانەمیان خەریکی چارەسەرکردنین.
“تا ئێستا بۆمان روون نەبووەتەوە ژمارەی ئەو گەڕەکانەی بێکارەبان چەندن بەڵام تیمەکانمان رەوانەکردووە لە وێستگەوە شوێن و جۆری شۆرتەکانی کارەبا دەستنیشان بکەن”بەرێوەبەری دابەشکردنی کارەبای کۆیە وای وت.
کارەبای کۆیە لە کاتی درەنگانی شەو تا بەیانی دابەشدەکرێت و بەم جۆرەش لە دوێنێ بەیانیەوە بەشێک لە گەڕەکەکان بێکارەبان و ئەگەر کێشەکەشیان چارەسەر بکرێ تا درەنگانی ئەمشەوی داهاتوو هەر بێکارەبا دەبن.
پێداچوونەوە: توانا نەقی