وەزارەتی بازرگانی وادەڵێت
پرۆسەی دووبارە زیادکردنەوەی ناو بۆ سەر فۆرمی خۆراک دەستپێدەکاتەوە
964+
فەرهاد حەسەن
وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ سیستەمی ئەلیکترۆنیی فۆرمی خۆراک سەرکەوتوو بووە لە ئاشکراکردنی سەرپێچییەکان و بەستنەوەی بە کارتی نیشتمانییەوە، ئاماژەی بەوەشدەکات، هەوڵێک هەیە بۆ دووبارەکردنەوەی پڕۆسەی زیادکردنی ناو بۆ سەر فۆرمی خۆراک.
محەمەد حەنون، وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، وەزارەتەکەیان دەستی کردووە بە جێبەجێکردنی فۆرمی خۆراکی ئەلیکترۆنی بۆ چارەسەرکردنی سەرپێچییەکان و سیستەمەکە کاریگەرییەکی زۆری هەبووە لە ئاشکراکردنی سەرپێچییەکاندا بەبێ پشتبەستن بە رێکارە کۆنەکان وەک وردبینی ساڵانە یان پشتگیری موختار.
دەشڵێت “ئێستا هەر سەرپێچییەک بدۆزرێتەوە، رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.”
حەنوون وتیشی، ژمارەی تۆمارکراوان لە ئێستادا لە فۆرمی خۆراکدا 37 ملیۆن و 500 هەزار هاوڵاتییە، لە کاتێکدا پێشتر ژمارەکە 41 ملیۆن و 961 هەزار کەس بوو، ئەم جیاوازییە کە نزیکەی چوار ملیۆن و نیوە، مەرج نییە هەمووی ناوی وەهمی بن، بەڵکو کەسانی کۆچکردوو، ئەوانەی گەشتیانكردووە، یان ئەو هاوڵاتیانە دەگرێتەوە کە لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردووەوە (کاتی دەستپێکردنی ئەپڵیکەیشنەکە) زانیارییەکانیان نوێ نەکردووەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد: کە وەزارەت نزیکەی دوو هەفتە لەمەوبەر بەشێک لە خزمەتگوزارییەکانی کارا کردووەتەوە و لە داهاتوویەکی نزیکیشدا قۆناغی زیادکردنی ناو دەکرێتەوە، ئەمەش وادەکات ژمارەی تومارکراوان جارێکی تر ڕوو لە زیادبوون بکاتەوە.
وتەبێژی وەزارەت روونیکردبووەوە، کە بەستنەوەی فۆرمی خۆراک بە کارتی نیشتمانیی بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ، بۆتە هۆی دڵنیابوون لە دروستی زانیارییەکان و کەمکردنەوەی ئەرکی سەرشانی هاوڵاتیان، چونکە وردبینییەکە بە شێوەی ئەلیکترۆنی و راستەوخۆ ئەنجام دەدرێت، ئەمەش وەرچەرخانێکی گەورەیە لە ڕێکخستنی داتای نیشتمانی عێراقدا.