سەرۆکی حکومەت خۆی پیاسه‌ی تێدا كرد

پڕۆژەی رێگەی (کۆڕێ- شەقڵاوە- قەندیل) كرایه‌وه‌

ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

پرۆژەی جووت سایدی (كوّڕێ -شەقڵاوە – قەنديل) دوای چاوه‌ڕوانییه‌كی زۆر كرایه‌وه‌، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش به‌ سواری ئۆتۆمبێلێك پیاسه‌یه‌كی به رێگه‌كه‌دا كرد.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 5.11.2026 سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی رێگه‌ی جووتسایدی (كوّڕێ -شەقڵاوە – قەنديل)ی كرده‌وه‌، له‌ وته‌یه‌كیشدا به‌م بۆنه‌یه‌ وتی، “شەقامێكی ئێجگار جوان و رێكوپێك دروست کراوە، هەرچەندە زۆریش سەختە ئەگەر تەماشای بكەن، پڕكردنەوە و دابڕینی شاخەكان، بەڵام بەشێوەیەكی زۆر جوان و رێكوپێك و ستانداردێكی نێودەوڵەتی دروستیان كردووە”

سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كه‌یدا، كه‌ په‌یجی حكومه‌ت بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، باسی لەوە کرد، سروودی “ئەی رەقیب” لە بەشێكی شەقامەكەدا دەبیسترێ، ئەگەر لەسەر خێرایی 80 كیلۆمەتر لە كاتژمێرێك بڕۆیت.

پرۆژەی رێگه‌ی (كۆڕێ -شەقڵاوە – قەنديل) جگە لە رێگایەکی خێرای جووتساید بە درێژیی 10 کیلۆمەتر، هەردوو تونێلی میراوە و ماوەران لەخۆدەگرێت، هه‌روه‌ها سێ ئۆڤەرپاس و ئەندەرپاسی مۆدێرنی بەپێی ستانداردی جیهانی تێدایە.