پرۆژە ستراتیژیه‌كه‌ى دینارتە سەعاتێك رێگا نزیكده‌كاته‌وه‌

964+

عەمار عەزیز -دهۆک

ئەمرۆ 5.3.2023 دەستکرا بە دروستکردنی رێگایەکی ستراتیژی، کە دینارتە بە ناحیەی چەمانکی و دهۆک ده‌به‌ستێته‌وه‌، زیاتر لە 30 گوند سوود لە پرۆژەکە وەردەگرن.

سەربەست سەبری، بەرێوەبەری ناحیەی دینارتە بە 964ی وت “ئەمە پرۆژەیەکی  ستیراتیژی زۆر گرنگە لەنێوان ناحیەی دینارتە و ناحیەی چەمانکێ و دهۆک، پێش دروستکردنی ئەم رێگایە ده‌بوایه‌ هاوڵاتیانی سنوری دینارتە له‌ ئاکرێوه‌ چووبنا ناحیەی رۆڤیا و شێخان ئینجا ده‌هاتنە دهۆک كه‌ زیاتر لە دوو کاتژمێریان پێویست بوو”.

به‌قسه‌ى بەرێوەبەری ناحیەی، بەتەواوبوونی ئەم رێگایە خەڵکی دینارتە ڕاستەوخۆ دەچنە ناحیەی چەمانکێ و لەوێشەوە بۆ دهۆک كه‌ لانیکەم کاتژمێرێک کەمدەبێتەوە، وتیشی “ئه‌م رێگایه‌ زیاتر لە 30 گوندى به‌سه‌ره‌وه‌یه‌”

به‌پێی زانیاریه‌كانى 964 درێژی ئه‌م رێگایە  نۆ کیلۆمەتر و پانیەکەشی 15 مەترە، بودجەی پرۆژەکە دوو ملیار و 30 ملیون و 500هەزار دینارە، ماوەی پرۆژەکەش ساڵێک و دوو مانگە.

سەربەست سەبری به‌ گرنگى ده‌زانێت كه‌ خەڵکی ناحیەی دینارتە لە رێگای گەلی زەنتە رزگاریان دەبێت، ده‌شڵێت “سەدان جوتیارى ئه‌و ناوچه‌یه‌ سوود لەو رێگایە وەردەگرن و بەئاسانی دەتوانن بەرهەمەکانیان لە بازارەکانی دهۆک ساغبکەنەوە”.

ئه‌وه‌شی دووپاتكرده‌وه‌ كه‌ “بەڵێندەر بەڵێنی داوە لە ماوەی هه‌شت مانگدا پرۆژەکە تەواو بکات”.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن