لە میسان

485 تۆن برنج دیار نەماوە و نەزاهە دەڵێ؛ دوو ئەمین کۆگا قۆڵبەست کران

ئەحمەد مستەفا

دەستەی دەستپاکیی عێراق رایگەیاند، دوو کارمەندی کۆمپانیای گشتیی بازرگانی دانەوێڵە لە پارێزگای میسان دەستبەسەر کراون، بەهۆی ونبوونی بڕێکی زۆر لە بەرهەمی برنج و زیانگەیاندن بە سامانی گشتی.

ئەو برنجەی دیار نەماوە، 485 تۆنە.

بەپێی راگەیەندراوی دەستەکە، تیمی لێکۆڵینەوەی نوسینگەی دەستپاکی لە میسان، دوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە و پشکنینی زانیارییەکان، دوو پاسەوانی کۆگای لە لقەکەی کۆمپانیای گشتیی بازرگانی دانەوێڵە دەستبەسەر کردووە.

لێکۆڵینەوەکان ئاشکرایان کردووە، 485 تۆن لە بەرهەمی برنج لەو کۆگایانە ون بووە کە لە ژێر بەرپرسیارێتی ئەو دوو کارمەندەدا بوون.

دەستەکە هەروەها ئاماژەی بەوە داوە کە بڕی زیانی دارایی کە لە ئەستۆی تۆمەتبارەکان دایە، گەیشتووەتە 126 ملیۆن دیناری عێراقی، هەروەها بەڵگە و مەحزەرەکانی لێکۆڵینەوە و بڕیارەکانی سزادانی پێشوویانیش دەستکەوتووە.

لە کۆتاییدا، دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی میسانی تایبەت بە دۆسیەکانی دەستپاکی، بڕیاری دەستبەسەرکردنی هەردوو تۆمەتباری بە پێی ماددەی 316ی یاسای سزادانی عێراقی دەرکردووە.