سەرۆک وەزیرانی عێراق:

“پارە و هاوكاری بۆ خەڵكی كوردستان دابین بكەن”

ئەرسەلان عەبدوڵا

سەرۆک وەزیرانی عێراق رێنمایی دەرکرد، بەهۆی ئەو لافاوەی رووی لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان كرد، سەرجەم پێداویستییە فریاگوزارییە پێویستەکان بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان دابین بکرێن.

نووسینگەی راگەیاندنی محەمەد شیاع سودانی لە راگەیاندراوێكی رۆژنامەوانیدا بڵاویكردەوە، “سەرۆک وەزیرانی عێراق سەنتەری نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی قەیران و کارەسات لە وەزارەتی ناوخۆ، لایەنە پەیوەندیدارەکان و وەزارەتی دارایی ئاراستە کردووە بۆ تەرخانکردنی پارەی فریاگوزاری بۆ دابینکردنی هەموو پێداویستییەکی فریاگوزاری پێویست بۆ گەلەکەمان لە هەرێمی کوردستانی عێراق”.

هەروەها هاتووە، “ئەم رێنماییە لە ئەنجامی ئەو بارودۆخە سەختەی کەشوهەوا دێت کە بووەتە هۆی شەپۆلی لافاوێکی توند”.

دوێنێ لافاو چەند ناوچەیەكی كوردستانی گرتەوە، بە تایبەتی گەرمیان و چەمچەماڵ، كە بەهۆیەوە دوو هاوڵاتی گیانیان لەدەست دا و 12ی دیكەش بریندار بوون، هەروەها زەرەر و زیانی زۆر بە ماڵ و حاڵی هاوڵاتیان گەیاند.