"پیاوانی هەڵخەڵەتاندووە و پارەیەکی باشی لێکێشاونەتەوە"
بێخاڵ جەمالەکەی فەیسبووک پیاو دەرچوو و لەگەڵ کەسێکی دیکە گیرا
شۆڕش قادری
بێخاڵ جەمالەکەی فەیسبووک پیاو دەرچوو و لەگەڵ کەسێکی دیکە دەستگیر کرا، تۆمەتەکەشی ئەوەیە کە خۆی بە ژن ناساندووە و بە هەڵخەڵەتاندنی پیاوان، پارەیەکی باشی لێکێشاونەتەوە.
بەپێی راگەیەنراوێکی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان، لە قەزای کەلار کەسێک بەپێی مادەی 2ـی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، لەلایەن بەشی نەهێشتنی تاوانی گەرمیانەوە دەستگیرکراوە.
هەروەها بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان (نووسینگەی نەهێشتنی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان)، تۆمەتبارێکی دیکەی دەستگیرکردووە کە دانیشتووی شارۆچکەی هەریرە و بەپێی مادەی (430) لە یاسای سزادانی عێراقی فەرمانی دەستگیرکردنی هەبووە.
تۆمەتبار لەڕێی هەژمارێکی ساختەی فەیسبووک بە ناوی (Bexall Jamal) خۆی وەک ئافرەت ناساندووە و هەستاوە بە هەڵخەڵەتاندنی پیاوان پاشان هەڕەشەی لێ کردوون و لە بەرامبەر سڕینەوەی گرتە ڤیدیۆ و وێنەکانیان داوای پارەی لێ کردوون و پارەی لەچەندین کەس بەو شێوەیە وەرگرتووە.
لە ئێستادا تۆمەتبار دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.
پۆلیسی گەرمیان داوا لە هاوڵاتیانی دەڤەرەکە دەکات، هەر کەسێک لەلایەن ئەو هەژمارەی فەیسبووکەوە هەڵخەڵەتێنراوە، سەردانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان بکات بە مەبەستی تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمەتبار.