راگەیەندراوی بڵاوکردەوە

وەزارەتی ناوخۆ: با خەڵکی شەنگال کێیان پێ باشە ئەوە هەڵبژێرن

ئەحمەد مستەفا

وەزارەتی ناوخۆی هەرێم دەڵێت، حکومەتی فیدراڵ پابەند نییە بە رێککەوتنی شەنگال و بە تاکلایەنە بەبێ حکومەتی هەرێم بڕیار لەسەر دۆخی شەنگال دەدەن ئەمەش نیگەرانی کردوون.

لەم رۆژانەدا دوو هەزار و 500 چەکداری هێزەکانی پاراستنی شنگال “یەپەشە”، چوونە ناو سوپای عێراق و راگەیەندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆ لەسەر ئەو بابەتەیە و بە کارێکی تاک لایەنی پێناسە کردووە.

ئەمشەو 27.10.2026، وەزارەتەکە لە راگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، بە بیر هەموولایەک دێنینەوە کە شنگال و چیای شنگال بە خوێنی ئاڵی 500 شەهید و 3000 برینداری پێشمەرگە قارەمانەکان ئازاد کراوە و دەبێ رێز لەو قوربانی وتێکۆشانە بگیرێت.

وەزارەرەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەکردووە، با بگەڕێینەوە بۆ را و ئیرادەی خەڵکی شەنگال بەتایبەتی ئێزدییەکان کێیان پێ باشە و چییان پێ باشە با بڕیاری لەسەر بدەن و هەمووان پابەند و پشتیوان بن بۆ هەڵبژاردەکەیان.

وەزارەتی ناوخۆ داوای لە حکومەتی عێراق کردووە پابەندی رێککەوتننامەی شنگال بێت و رێز لە ویست و بڕیاری دانیشتووانی ناوچەکە، بە تایبەتی کۆمەڵگەی ئێزدی، بگرێت، بە مەبەستی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە و شکۆمەندانەی ئاوارەکان و بەدیهێنانی سەقامگیری و ئاسایش لە شنگال.

دەقی راگەیەندراوەکە:

ڕاگەیەندراوێک سەبارەت بە پێشهاتەکانی شنگال
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نیگەرانییەوە چاودێریی ئەو لێکتێگەیشتنانە دەکات کە حکومەتی فیدراڵ سەبارەت بە دۆخی شنگال، بە شێوەیەکی تاکلایەنە و بەبێ ڕاوێژ لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامیان دەدات. لێرەوە جەخت دەکەینەوە کە هەر هەنگاوێکی لەم شێوەیە، پێچەوانەی ڕێککەوتننامەی شنگالە کە لە تشرینی یەکەمی 2002دا بە سەرپەرشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان واژۆ کراوە.
بە بیر هەمو لایەک دێنینەوە کە شنگال و چیای شنگال بە خوێنی ئاڵی 500 شەهید و 3000 برینداری پێشمەرگە قارەمانەکان ئازاد کراوە ودەبێ ڕێز لەو قوربانی وتێکۆشانە بگیرێت.
سەپاندنی واقیعێکی ئەمنی و کارگێڕیی نەخوازراو لە دەرەوەی دامەزراوە شەرعییەکان، دۆخی دەڤەرەکە ئاڵۆزتر دەکات و پرۆسەی ئاساییکردنەوە لەباردەبات. تاکە ڕێگەچارەی دروست، جێبەجێکردنی تەواوی ڕێککەوتننامەی شنگالە؛ چونکە تاکە زامنی پێکهێنانی ئیدارەیەکی شەرعی لەلایەن نوێنەرانی ڕاستەقینەی ناوچەکە، دەستپێکردنەوەی ئاوەدانکردنەوە، و سەقامگیرکردنی ئاسایشە، کە ئەمانەش مەرجی سەرەکین بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە و شکۆمەندانەی سەدان هەزار خوشک و برای ئێزدی بۆ سەر زێدی خۆیان.
داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکەین پابەندی ڕێککەوتننامەی شنگال و سەرجەم ئەو ڕێککەوتنە سیاسی و بەرنامەی حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی فیدرال بێت کە لە بوارەکانی ئیداری، ئەمنی و ئاوەدانکردنەوەدا ئەنجامی داون. ئەگەر جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنانە ئەستەمە، با بگەڕێنەوە بۆ ڕا و ئیرادەی خەڵکی شنگال بەتایبەتی ئێزدییەکان؛ کێیان پێ باشە و چییان پێ باشە با بڕیاری لەسەر بدەن و هەمووان پابەند و پشتیوان بن بۆ هەڵبژاردەکەیان، چونکە سەقامگیریی دەڤەرەکە و ئارامیی خەڵکەکەی لە سەرووی هەموو بەرژەوەندی و ئامانجێکی ترەوەیە.
وەزارەتی ناوخۆی
حکومەتی هەرێمی کوردستان