زیاتر لە 1000  نەشتەرگەریش کراوە

رۆژانە نزیکەی 900 نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەی شاریان لە سلێمانی كردووە

فەرهاد حەسەن

بەپێی ئامارێک لە ماوەی مانگی رابردوودا زیاتر لە 26 هەزار نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەی شاریان لە سلێمانی کردووە کە رۆژانە دەکاتە نزیکەی 900 نەخۆش و هەر لەو مانگەشدا زیاتر لە هەزار نەشتەرگەری جۆراوجۆر ئەنجامدراون.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی ئامارەکەی بڵاوکردووەتەوە، کە مانگی ڕابردوو 26 هەزار و 502 نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەی شاریان كردووە، لەو ژمارەیەش 19 هەزار و727 نەخۆش سەردانی بەشی فریاكەوتن و  پێنج هەزار و 843 نەخۆش سەردانی بەشی ئۆپی دی و 880 نەخۆش سەردانی بەشی گورچیلەی دەستكردیان كردوە و چارەسەری پێویستیان بۆ كراوە.

هەر بەپێی ئامارەكە، پێنج هەزار و 314 نەخۆش داخڵكراون لەو ژمارەیە هەزار و 552 نەخۆش لە بەشی فریاكەوتن و 855 نەخۆش لە بەشی گورچیلەی دەستكرد و 558 نەخۆش لە بەشی نەشتەرگەری و 595 نەخۆش لە بەشی هەناوی و 510 نەخۆش لە بەشی شكاوی و 339 نەخۆش لە بەشی هەناوی مێشك و دەمار داخڵ بوون.

هەر لەو ماوەی ئەو مانگەدا هەزار و 261 نەشتەرگەری جۆراوجۆر لە نەخۆشخانەی شار ئەنجامدراوە، كە 159 نەشتەرگەری قەستەرە و 106 نەشتەرگەری شەبەكە و باڵۆن و 65 نەشتەگەری بۆ منداڵان بووە.

حەفتا هەزار و 979 شیكاری تاقیگەیی و  هەزار و 768 هێڵكاری دڵ كراوە، شەش هەزار و 593 تیشك و 288 ئیكۆ و  دوو هەزار و 715 سۆنەر و 660 چارەسەری سروشتی بۆ هاوڵاتیان كراوە.