ساڵێک لە بۆڕسا ژیاوە و "کۆد"ی تایبەتی هەبووە

هەواڵگری تورکیا بەڵگەنامەیەکی “نهێنی” 62 ساڵ لەمەوبەر لەسەر خومەینی بڵاوکردەوە

964+

فەرهاد حەسەن

هه‌واڵگری تورکیا بەڵگەنامەیەکی بڵاوکردەوە کە بە “نهێنی سەرەکی” پۆلێنکراوە سەبارەت بە ئیمام خومەینی، رێبەری پێشوتری كۆماری ئیسلامی ئێران و بەڵگەنامەکەش پەیوەنددارە بە مانەوەی ناوبراو لەسەر خاکی تورکیا له‌ نێوان ساڵانی 1964 بۆ 1965.

ئیدارەی هه‌واڵگری تورکیا بەڵگەنامەیەکی زۆر نهێنی سەبارەت بە خومەینی رێبەری پێشوتری کۆچکردووی ئێران و مانەوەی لە تورکیا بڵاوکردەوە، ئەو بەڵگەنامەیە بۆ ئەو راپۆرتە هەواڵگرییانەی کە لە ماڵپەڕی میت لە ژێر بەشی “بەڵگەنامە”دا بڵاوکراونەتەوە، زیادکراوە.

بەڵگەنامەکە لە بەرواری 11.11.1964 و بە واژۆی زیا چەلیک، سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی نیشتمانی و بە پۆلێنکردنی “نهێنی سەرەکی” بۆ بەڕێوەبەرایەتی ناوەندی لە ئیستانبوڵ نێردراوە.

وردەکاری مانەوەی خومەینی لە تورکیا لە ژێر چاودێری میت لە نێوان 4.11.1964 بۆ 5.11.1965 دا دەخاتەڕوو.

لە بەڵگەنامەکەدا هاتووه‌، “ئەو میوانە ئێرانییە گەیشتوەتە تورکیا، بڕیاردراوە کە مانەوەی لە شاری بورسا دەبێت، بەڕێوەبەرایەتی بورسا ئەو خانووە رێکدەخات کە میوانەکە تێیدا دەمێنێتەوە، لەگەڵ هەموو بابەتە پەیوەندیدارەکانی دیکە”.

ئەوەش روونكراوه‌ته‌وه‌، کە “رێنماییە پێویستەکان بە نوسراو و زارەکییەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی هه‌واڵگری بورسا نێردراوە، هەروەها ناوی کۆدی (بێلی) لە هەموو نامە کۆدکراوەکان و نامەنووسی دیکەی پەیوەست بە میوانەکەدا بەکاردەهێنرێت”.

به‌گوێره‌ی به‌ڵگه‌نامه‌كە، خومەینی نزیکەی ساڵێک لەگەڵ بنەماڵەیەکی ناسیاوی لە شاری بورسای تورکیا ماوەتەوە، دواتر رووی لە شاری نەجەفی عێراق کرد و ساڵانێکی زۆر لەوێ نیشتەجێ بوو.

روحوڵا موستەفەوی خومەینی له‌ 24.9.1902 له‌ دایكبووه‌ و له‌ 3.6.1989 لە تاران كۆچی دواییكردووه‌، مەرجەعی بالای شیعەی ئێرانی بوو، کە وەکو دامەزرێنەر و یەکەمین رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران ھەتا دواڕۆژی ژیانی لەسەر کاربوو.

خومەینی یەکێک لە رێبەرانی جەماوەری ئێران بوو کە لە رووخانی رژێمی پەھلەوی و سەرکەوتنی شۆڕشی 1979ی ئێراندا رۆڵی سەرەکی ھەبوو.

هەواڵگری تورکیا بەڵگەنامەیەکی “نهێنی” 62 ساڵ لەمەوبەر لەسەر خومەینی بڵاوکردەوە

لەنێوان ئێران و ئەمریكا كامەیان دەیەوێت جەنگەكەی ئێست...

لەنێوان ئێران و ئەمریكا كامەیان دەیەوێت جەنگەكەی ئێستا بوەستێت؟