"دەبێت داوای لێبوردن بکات"
جوتیارانی عێراق لە سوودانی رازی نین و روو لە عەلی زەیدی دەکەن
ژووری هەواڵ
جوتیارانی پێنج پارێزگای عێراق و بەشێک لە جوتیارانی هەرێمی کوردستان لەدەروازەی ناوچەی سەوز لە بەغدا گردبوونەوە و داوا دەکەن شاندێکی سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو بێتە لایان و گوێ لە داواکارییەکانیان بگرن.
ئەمڕۆ یەکشەممە (10.5.2026)، جوتیارانی هەر پێنج پارێزگای (دیوانیە، نەجەف، کەربەلا، بابل و موسەنا) لە ناوچەی سەوز لە بەغدا گردبوونەوە و داوا لە عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو دەکەن شاندێکی تایبەتی خۆی بنێرێت بۆ لایان تا پێکەوە تاوتوێی داواکارییەکانیان بکەن.
جوتیاران دژی دیاریکردنی بڕی “700 هەزار دینار” بۆ هەر تۆنێک گەنم لەلایەن حکومەتی عێراقیەوە، لە بەغدا گردبوونەوە.
عیماد بەدیری، جێگری سەرۆکی جوتیاران کە بەشدارە لە خۆپیشاندانەکەدا، باسی لەوە کرد، چاوەڕێی شاندێکی سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو “عەلی زەیدی” دەکەن بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی هەشت داواکارییەکەیان، هەروەها هۆشداریشی دا لە هەر پێكدادانێک لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان.
هەفتەی رابردوو لە گردبوونەوەیەکی جوتیاران گرژی دروستبوو و تێدا عەگالی پیاوێک کەوت، ئەمەش لای جوتیاران بە بێڕێزی لێکدرایەوە، دواتر سەرۆکوەزیرانی ئێستای عێراق داوای لێبوردنی لێکردن، بەڵام جوتیاران بە داوای لێبووردنەکەی سوودانی رازی نین و دەڵێن دەبێت سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو داوای لێبوردن بکات و لێپرسینەوەش لەگەڵ عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆ بکرێت لەسەر ئەو دەستدرێژیانەی لە خۆپیشاندانەکاندا بەرامبەریان کرا.
نوێنەرانی جوتیاران دوێنێ شەممە (9.5.2026) کۆنگرەیەکیان لە دیوەخانی ‘باسم ئەلعەرداوی’ لە قەزای مشخاب سازکرد بۆ راگەیاندنی داواکارییەکانیان لە حکومەت، داواشیان لە مەرجەعیەتی ئایینی کرد کە پاڵپشتییان بکات و لەگەڵ داواکارییەکانیاندا بێت.