هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق
سەرچاوەیەک: لە بیابانی نەجەف لەگەڵ هێزێکی نەناسراو شەڕمان کرد
هێزەکانی عێراق: “هیچ بنکەیەکی نهێنی لە بیابانی عێراقدا نییە”
ئەرسەلان عەبدوڵا
وتەبێژ بە ناوی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لیوا سەباح نوعمان لە راگەیاندراوێکدا دەڵێت: هیچ بنکەیەکی نهێنی لە بیابانی عێراقدا نییە و ئەوەی لە میدیاکان باس دەکرێت هیچ ئەسڵ و ئەساسی نییە.
سەباح نوعمان دەڵێت، ئەو راپۆرتەی رۆژنامەیەک لەسەر ئەم بابەتە بڵاوی کردووەتەوە نادروستە، پێشتر شانەی راگەیاندنی ئەمنی و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان بەیاننامەیەکی وردیان بڵاوکردەوە و تێیدا ئەو بابەتەکەیان روونکردەوە.
هەروەها داوای کرد، رای گشتی بگەڕێنەوە بۆ راگەیاندراوە فەرمییەکەی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق، هەروەها ئەو چاوپێکەوتنە تەلەڤزیۆنییەی لەگەڵ جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، لیوا قەیس ئەلمحەممەداوی کراوە، کە تێیدا هەموو وردەکارییەکانی پەیوەست بەم بابەتە روونکراوەتەوە.
ئەم رەتکردنەوەیەی سەباح نوعمان، دوای ئەوە دێت بەرپرسانی ئەمریکا دوێنێ شەممە بە رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵیان راگەیاندبوو، ئیسرائیل پێگەیەکی سەربازیی نهێنی لە بیابانی عێراق دامەزراندووە بۆ پشتیوانی لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژی ئێران، هەروەها هێرشی ئاسمانی بۆ سەر هێزە عێراقییەکان کردووە کە نزیک بوون لە دۆزینەوەی ئەو شوێنە نهێنییە لە قۆناغە سەرەتاییەکانی شەڕەکەدا، دوای ئەوەی شوانێک لە چالاکییە نائاساییەکانی ناوچەکە ئاگاداری کردبوونەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەمریکا ئاگاداری ئەو بنکەیە بووە.
قسەی دیکەش هەیە
سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق فەریق سەعد مەعن لە لێدوانێکی دەنگیدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە 964 گوێبیستی بووە، دەڵێت: لە 5ی ئاداری رابردوو، هێزە ئەمنییەکانی عێراق لەگەڵ گرووپێکی نەناسراو و بێ مۆڵەت کە بە رووپۆشی ئاسمانی پشتیوانی دەکران، لە ناوچەی رۆژهەڵاتی نوخەیب بەشەڕهاتن و بەم هۆیەوە ئەفسەرێک کوژرا و دوو سەربازیش بریندار بوون.
مەعن دووپاتی کردەوە کە یەکە سەربازییەکانی سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە ماوەی مانگی نیسان و چەند رۆژی یەکەمی مانگی ئایاردا گەڕانێکی ورد و بەرفراوانیان ئەنجامداوە و هیچ شوێنەواری ئەو هێزانە و ئامێرەکانیان نەدۆزیوەتەوە.
جەختیشی کردەوە کە دۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵدایە و ڕێوشوێنی پێویست گیراوەتەبەر بۆ ئەوەی ناوچەکە بەتەواوی ئەمنیەتی پارێزراو بێت.