گواستنەوەی گشتی لە تاران - وێنە: ئاژانسی فارس
لە شەڕەکەوە بێ بەرامبەر بوون
سێشەممە ئاخر رۆژە و تاکسی و میترۆی تاران دەبنەوە بەپارە
ئەحمەد مستەفا
رۆژی سێشەممە کاتژمێر 12:00ی تەواو، دوایین رۆژە بۆ ئەوەی خەڵک میترۆ و پاسەکان بە خۆڕایی لە تارانی پایتەختی ئێران بەکاربهێنن، ئەگەر تا ئەوکاتە بڕیار لە درێژکردنەوەی ماوەکەی نەدرێ.
پەرویز سەرواری جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی شاری تاران بە ئاژانسی فارسی راگەیاند، بەپێی بڕیارنامەی ئەنجومەن، رۆژی سێشەممەی ئەم هەفتەیە،کۆتا رۆژە بۆ بەکارهێنانی بێبەرامبەر، بەو پێیەی ئەمڕۆ کۆبوونەوەی ئەنجومەنەکەش بەڕێوەناچێت.
خەڵک ناچار دەبێت لە رۆژی چوارشەممەوە پارە بدەن، ئەو وتی، بێگومان رەنگە ناچار بین کۆبوونەوەیەکی تر بکەین و بەکارهێنانی بێبەرامبەری میترۆ و پاسەکان درێژ بکەینەوە.
لە 24.3.2026 وە ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان بۆ سەر ئێران دەستپێکردووە، شارەوانی تاران هاتوچۆی گشتی بۆ خەڵک کردۆتە بێبەرامبەر.
محەممەد مێهدی تۆرابی شارەزای شارستانی بە فارس-ی وتووە، لەم بارودۆخەی ئێستادا نابێت بارگرانی بەسەر شارەوانیدا بخرێتە سەر تێچووی زیادە، لەبەرامبەردا پەرویز سەرووی، ئەندامی ئەنجوومەنی شار دەڵێت، ئێمە بەشێوەیەکی گشتی لە نێوان 5 بۆ 10%ی تێچووی میترۆ لە خەڵکی گشتی وەردەگرین.
شارەزایان دەڵێن، بە بێبەرامبەرکردنی گواستنەوەی گشتی دەتوانێت هانی خەڵک بدات بۆ بەکارهێنانی گواستنەوەی گشتی و هەروەها دەتوانێت ملیۆنان لیتر لە بەکارهێنانی سووتەمەنی لە تاران رۆژانە پاشەکەوت بکات و چیتر شارەوانی ناچار نابێت پارە بۆ کەمکردنەوەی پیسبوونی هەوا خەرج بکات.