ئاگرێکى گەورە لە بەغدا - وێنە: ئەرشیف
لە پارێزگاکانی عێراق
نۆ هەزار باڵەخانە داخراون و تا مەرجی ئاگربڕ دانەنێن ناکرێنەوە
964+
ئەحمەد مستەفا
لە رێگەی لیژنەکانییەوە بەرگریی شارستانی عێراق،کەمبونەوەی رێژەی ئاگرکەوتنەوەکانیان لە وڵاتی بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو راگەیاند، ئەوەش بە ئاماژەدان بەوەی رێکارەکانیان بوونەتە هۆی داخستنی زیاتر لە 9 هەزار باڵاخانە بەهۆی سەرپێچی لە مەرجەکانی سەلامەتی.
ماوەی رابردوو، لە شارەکانی عێراق رووداوی جەرگبڕی گیان لەدەستدان بەهۆی ئاگرکەوتنەوە، لە باڵەخانەی نیشتەجێبوون هەتا نەخۆشخانەکان تۆمارکراوە، زۆرینە گلەیی لە مەرجی نەبوونی سەلامەتی و دەرچەی ئاگربڕ هەبووە.
نەواس شاکر، بەڕێوەبەری بەشی پەیوەندییەکان و راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتییەکە بە پێگەی فەڕمی حکومەتی وتووە، بەڕێوەبەرایەتییەکە لەمساڵدا رێکاری توندی بەرامبەر سەرپێچیکاران گرتووەتەبەر، هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگارەکان کردووە بۆ لابردنی زیادەڕۆییەکان و کردنەوەی ڕێگەکان و لابردنی بازاڕە ناڕێکخراوەکان.
ئەم رێکارانە بەڕای بەرگری شارستانی عێراق، بووەتە هۆیی دابەزینی بەرچاو لە رێژەی ئاگرکەوتنەوە بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو، ئەوەش دوای داخستنی پڕۆژە سەرپێچیکارەکان و رێگەنەدان بە کردنەوەیان تەنیا دوای جێبەجێکردنی مەرجەکانی سەلامەتی.
لە ئەمساڵدا و لە تەواوی عێراق، نۆ هەزار و 882 باڵەخانە لە سەرجەم پارێزگاکان داخراون، و زۆربەیان دوای چارەسەرکردنی سەرپێچییەکان کراونەتەوە، کە ئەمەش بەشێوەیەکی گەورە بووەتە هۆیی کەمکردنەوەی ئەگەری ئاگرکەوتنەوەکان.