لە بارەی پچڕانی کارەبای 24 کاتژمێری

مەترسن کێشەی تەکنیکيیە و زوو چارەسەر دەبێ

964+

باخان تۆفیق

ماوەی زیاتر لە سێ رۆژە لەگەڵ دەستپێکردنی شەپۆلی بارانبارینی ئەم پاییزە، پچڕانی ناوبەناو لە کارەبای 24 کاتژمێری هەیە، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت،”کێشەی تەکنیکییە و بەردەوام دەبین بۆ چارەسەری یەکجاری”.

لەگەڵ دەستپێکردنی بارانی سێ رۆژی رابردوو لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بەتایبەت ئەو ناوچانەی پڕۆژەی رووناکی تێیاندا دەستبەکاربووە، لەلایەن هاوڵاتیانەوە گلەیی ئەوە دەکرا پچڕانی زۆر لە کارەبادا هەیە و ئەمەش خەڵکی بێزارکردووە.

لەبارەی ئەم بابەتەوە ئومێد ئەحمەد وتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە 964ی راگەیاند، “بەهۆی هاتنی وەرزی زستان هەندێ گرفت دەرکەوتووە و لە هەمان کاتدا بەرزیی خواست لەسەر کارەبا هۆکارە بۆ ئەم پچڕانە، بەڵام هەموو ئەمانە کێشەی تەکنیکییە و ئێمە بەردەوامین لە هەوڵی چارەسەر و خزمەتگوزاری باشتر”.

وتیشی،”تیمەکانمان بەشێوەیەکی شارەزایانە و خێرا گرفتەکان چارەسەر دەکەن و گرفتەکانیش زۆر گەورە و ماوە درێژ و بەرچاو نەبوونە”.

ئەمە لە کاتێکدایە بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کارەبا، ئێستا چوار ملیۆن هاوڵاتی کوردستان کارەبای 24 کاتژمێریان بۆ دابینکراوە، کە زیاتر لە 115 هەزار موڵکی بازرگانین و دابەش بووە بەسەر زیاتر لە 350 گەڕەکی جیاواز و بەم هۆیەشەوە 3200 مۆلیدە کوژێنراونەتەوە.

کارەبا دەبڕێ و پڕۆژەی رووناکیش جواب ناداتەوە

کارەبا دەبڕێ و پڕۆژەی رووناکیش جواب ناداتەوە