بە نێوەندگیریی قەتەر و تورکیا
پاکستان و ئەفغانستان لەسەر ئاگربەستی دەستبەجێ رێککەوتن
964+
قەتەر و تورکیا، ئاوێکیان بەو ئاگرەداکرد کە ماوەى یەک دوو هەفتەبوو لە نێوان پاکستان و ئەفغانسان دروستبوو، هەردوو وڵاتى بەشەڕهاتووش بەڵێنى دەستبەجێ راگرتنى شەڕ و ئاگربەستیان بە سوڵحکاران داوە.
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر بڵاوى کردەوە، هەردوو وڵاتى ئەفغانستان و پاکستان، رێککەوتوون لەسەر ئاگربەستێکی دەستبەجێ و دامەزراندنی میکانیزمگەلێک بۆ چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیریی هەمیشەیی لەنێوان هەردوو وڵاتدا.
روونیشى کردەوە کە هەردوو لایەن رەزامەندییان نیشانداوە لەسەر ئەنجامدانی کۆبوونەوەی بەدواداچوون لە رۆژانی داهاتوودا، بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە بەردەوامیی ئاگربەستەکە و پشتڕاستکردنەوەی جێبەجێکردنی بە شێوەیەکی باوەڕپێکراو و بەردەوام.
قەتەرییەکان هیوایانخواستوە کە ئەم هەنگاوە گرنگە ببێتە هۆی کۆتاییهێنان بە گرژییەکانی سەر سنووری نێوان هەردوو وڵات.
بەرپرسانی پاکستانی رۆژی شەممە لە قەتەر دەستیان بە گفتوگۆ کرد لەگەڵ هاوتا ئەفغانییەکانیان، لە هەوڵێکدا بۆ گەڕاندنەوەی ئارامیی هەمیشەیی بۆ سەر سنوورەکانیان، دوای ئەوەی رووبەڕووبوونەوەکان بوونە هۆی کوژرانی دەیان کەس و هەڵوەشاندنەوەی ئاگربەستێکی پێشوو.
ماوەی یەک دوو هەفتەبوو، پاکستان و ئەفغانستان لەسەر سنوور و مەرزەکانیان توشى کێشە ببون و ناوە ناوە هێرشیان دەکردە سەریەکترى.