ئێران هێرشی کردبووە سەر

کوێت دەرگاى سنووریى عەبدەلی بەڕووی عێراقدا کردەوە

فەرهاد حەسەن

دواى ئەوەى لە چەند رۆژى رابردوودا ئێران هێرشی کردە سەر دەروازەى سنوورى عەبدەلی لە دیوی کۆێتەوە، کوێت هەستا بە داخستى دەروازەکە کە هاوسنوورە لەگەڵ عێراق، دوێنێ وەزیرى ناوخۆی کۆیت هاتە عێراق و بڕیارى کردنەوەى دەروازەکەیدا، ئەمڕۆش بڕیارەکە چووە بواری جێبەجێکردنەوە.

دەروازەی سنووریی عەبدەلی یەکێکە لە سەرەکیترین دەروازە سنوورییەکانی نێوان عێراق و کوێت، دەکەوێتە باکووری دەوڵەتی کوێت لە پارێزگای جەهرا (لە گوندی عەبدەلی) و راستەوخۆ بەرامبەر دەروازەی سەفوانی پارێزگای بەسرەیە لە باشووری عێراق.

دەروازەکە بە شێوەیەکی ئاسایی و 24 کاتژمێری کراوەیە بۆ راپەڕاندنی کارەکان،  شادەماری سەرەکی ئاڵوگۆڕی بازرگانی زەمینی نێوان عێراق و کوێتە، رۆژانە سەدان بارهەڵگر لەم دەروازەیەوە کەلوپەلی بازرگانی، کەرەستەی خۆراک و بیناسازی لە نێوان هەردوو وڵاتدا دەگوازنەوە.

میدیا عێراقییەکان سەبارەت بە دووبارە کردنەوەى دەروازەى سنوورى عەبدەلی لە نێوان کوێت و عێراق، سەردانەکەى وەزیرى ناوخۆی کوێت بۆ بەسرە، زانیارى نوێ دەخەنەڕوو.

دوێنێ شێخ فەهد یوسف سەعود سەباح وەزیری ناوخۆی کوێت هاتە عێراق و لەگەڵ پارێزگارى بەسرە کۆبووەوە و بڕیاریدا دەروازەی عەبدەلی لە ماوەی 48 کاتژمێردا بە رووی هاتووچۆی گەشتیاران و جوڵەی بازرگانیدا بکرێتەوە.

بڕیاری داخستنی دەروازەکە دوای ئەوە هات، لە چەند رۆژى رابردوو دەروازەکە رووبەڕووی هێرشێک بووەوە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و زیانی مادی پێگەیشت.