زانیوتە مرۆڤى نیاندرتال نیسك و نۆك و ماشی خواردووه‌؟

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

بۆ یه‌كه‌مجار تۆڕى 964 ئاشكراى ده‌كات، مرۆڤى جۆری نیاندرتال له‌ ئه‌شكه‌وتى شانه‌ده‌ر، ژه‌مه‌خواردنى بۆ خۆى ئاماده‌كردووه‌ و له‌ناو ژه‌مه‌کانی نیسك، نۆك و ماش  لەگەڵیشیدا جۆرێک بەهاراتی تفت و تاڵی بەکارهێناوە.

عەبدولوەهاب سلێمان، بەڕێوەبەری شوێنەواری سۆران، بۆ تۆڕى 964 ئاشكرای كرد، له‌ ئه‌نجامى ئه‌و لێكۆڵینه‌وانه‌ى ماوه‌ى چوار ساڵه‌ زانكۆى كامبریدجى به‌ریتانى له‌ ئه‌شكه‌وتى شانه‌ده‌ر ئه‌نجامی ده‌دات، گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی مرۆڤى جۆری نیاندرتال، ژه‌مه‌ خواردنى بۆ خۆى ئاماده‌ كردووه‌، لەناو ژەمەکانیان  نیسك، نۆك، ماش، توو و جۆرێك به‌هارات هەبووە.

بەڕێوەبەری شوێنەواری سۆران، ئه‌وه‌ى به‌ دۆزینه‌وه‌یه‌كى سه‌رسوڕهێنه‌ر ناوبرد، كه‌ یه‌كه‌مجاره‌ لە ئه‌شكه‌وتێکی كوردستان ئه‌و نهێنییه‌ ئاشكرا ده‌كرێت، ته‌نانه‌ت وتیشی “یه‌كه‌مجارە له‌سه‌ر ئاستى جیهان بتوانرێت ژه‌مه‌ خۆراكى ئه‌و جۆری مرۆڤه‌ بدۆزرێته‌وه”‌.

بەوتەی عەبدولوەهاب سلێمان، لێکۆڵینەوەکە کاتێک دەرچووە کە یەکێک لە تیمی لێکۆڵەران بەناوی دکتۆر كریس هاند دەچێتەوە بەریتانیا و نمونەی خۆڵی ئەشکەوتەکە دەباتەوە بۆ پشکنین، لەوێ دەردەکەوێت مرۆڤی جۆری نیاندرتال لە خواردنەکانی رووەکی بەکارهێناوە.

بەگوێرەی زانیاریەکانی د.کریس، ئەو گیایەی مرۆڤی جۆری نیاندرتال بۆ  دروستکردنی بەهارەتەکە بەکاریانهێناوە، گیایەکی تام تفت و تاڵ بووە.

عەبدولوەهاب سلێمان، ئەوەش دەڵێت “ئه‌مه ده‌رخه‌رى ئه‌وه‌یه‌ مرۆڤى جۆری نیاندرتال له‌ ئه‌شكه‌وتى شانه‌ده‌ر به‌هه‌ڕه‌مه‌كى نه‌ژیاوه، ته‌نانه‌ت توانیویه‌تى چه‌ند جۆرێك دانه‌وێڵه‌ تێكه‌ڵی یه‌كترى بكات و بیكاته‌ ژه‌مێكی خواردنێكی ته‌ندروست”.

ئه‌شكه‌وتى شانه‌ده‌ر بۆ یه‌كه‌مجار له‌لایه‌ن زانكۆى كۆڵۆمبیاى ئه‌مریكی ساڵى 1951 دۆزرایه‌وه‌، به‌پێی لێكۆڵینه‌وه‌كانیان مێژووى مرۆڤى جۆری نیاندرتال له‌و ئه‌شكه‌وته‌ بۆ نزیكه‌ى 60 هه‌زار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر دەگەڕێتەوە.