هەتا گەرما تەواو دەبێت وا دەمێنێتەوە
بڕیارێک لە زەیدییەوە: لێخۆشبوون بۆ مۆلیدە ئەهلییەکان دەرکرا
ژووری هەواڵ
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا هەتا وەرزی گەرما تەواو دەبێت لێخۆشبوون بۆ مۆلیدە ئەهلییەکان دەربکرێت و هیچ جۆرە باج و رسوماتێکیان لێ وەرنەگیرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 24.08.2026 ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرپەرشتی عەلی زەیدی کۆبوونەوەی هەبوو، یەکێک لەو بڕیارانەی داویانە پەیوەست بووە بە مۆلیدە ئەهلییەکانەوەو تیایدا بڕیاردراوە هەتا رۆژی 1ی تشرینی دووەم (مانگی یانزە) پێداچوونەوەو لێسەندنی باج لە مۆلیدەکان دوابخرێت تا ئەو کاتەی وەرزی گەرما کۆتایی دێت.
هەر لەم کۆبوونەوەیەدا چەند بڕیارێکی دیکەی گرنگ دراوە، لەوانە:
کەمکردنەوەی گومرگی سەر ئەو کاڵایەنەی لە پیشەسازی ناوخۆدا بەکاردێن بۆ رێژەی 1%.
کۆمپانیای سۆمۆ (بەبازاڕکردنی نەوت) بەخشرا لە رێوشوێنەکانی کەمکردنەوەی ئیفاد.
بڕی 5.3 ملیار دینار تەرخانکرا بۆ ناوەندی نیشتیمانی ئاسایشی سایبەری (دیجیتاڵی).
وەزارەتی کشتوکاڵ ئاسانکاری بۆ دەکرێت لە هێنانی دەرمانی مێرووکوژ.