لە بەسڕە
باندێکی قۆڵبڕ بە 36 مۆری ساختەوە دەستگیرکران
ئەحمەد مستەفا
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، باندێکی گەندەڵی و ساختەکارییان لە پارێزگای بەسرە هەڵوەشاندووەتەوە، کە دەستیان بەسەر ملیارەها دیناردا گرتبوو.
لەگەڵ هەوڵەکانی دەزگاکە بۆ روبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و تاوانی رێکخراو، دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە پارێزگای بەسرە، دوای وەرگرتنی رەزامەندی دادوەر و بە پشت بەستن بە زانیاری هەواڵگری، توانیوێتی باندێکی پسپۆڕ لە ساختەکاری ئاشکرابکات.
سەرچاوەی زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە ئۆپەراسیۆنەکە بە دەستگیرکردنی بەڕێوەبەری قوتابخانەیەکی سەرەتایی دەستی پێکردووە، کە تۆمەتبارە بە ساختەکردنی مامەڵەی قەرەبووکردنەوەی زەوییەکانی کێڵگەی نەوتیی “رۆژئاوای قورنە” و لە رێگەیەوە ملیارەها دیناری دزیوە.
لە کاتی دەستگیرکردنیدا، 36 مۆری فەرمی حکومی و عەشایەری و بڕێکی زۆر پارە لەگەڵ چەندین خانوو و تەلاری نیشتەجێبوون کە لە ئەنجامی چالاکییە تاوانکارییەکەی بەدەست هێنابوو، دەستی بەسەردا گیراوە.