
ناوچەیەکی شوێنەواری لە کۆیە - social media
2023 دەبێتە ساڵی شوێنەوار لە کوردستان
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
حکومەتی هەرێمی کوردستان 47 گرێبەستی بۆ نۆژەنکردنەوە و هەڵکۆڵینی 114 پڕۆژەی شوێنەوار واژۆ کردووە. گرێبەستەکان لەگەڵ زانکۆ و تیمی نێودەوڵەتیدان.
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، پڕۆژەکان هەڵکۆڵین، رووپێوی و چاککردنەوەن و لەلایەن زانکۆ و تیمە نێودەوڵەتییەکانی شوێنەوارەوە هەڵکۆڵینیان بۆ دەکرێت و زۆربەیان لە پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانین.
حسێن حەمەغەریب، بەڕێوەبەری شوێنەواری سلێمانی رایگەیاند: ساڵانە لەو جۆرە گرێبەستانە ئەنجام دەدرێن، بەڵام یەکەمجارە بەو رێژە زۆرە گرێبەست بۆ دۆزینەوە و چاککردن و هەڵکۆڵینی شوێنەوارەکانی کوردستان ئەنجامبدرێن.
دەشڵێت: ئەو تیمانە بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتییەکانی شوێنەوار لە هەرێم کارەکانیان دەکەن.
لە هەرێمی کوردستان سێ هەزار و 500 شوێنەوار بوونیان هەیە و زیاتر لە نیوەیان پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە و هەڵکۆڵین و رووپێوی هەیە. ئەوە وتەی بەڕێوەبەری شوێنەواری سلێمانییە.