بازاڕی داگیرکردووە

هەوێردە؛ ئەو باڵندە بچکۆلەیەی وەک “چارەسەر” بەکاردەهێنرێت

+964
ژووری هەواڵ
خواست لەسەر کڕینی گۆشت و هێلکەی هەوێردە (کەرەواڵە) لە سنووری ئیدارەی راپەڕین بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، هاوڵاتیان بەهۆی سودە تەندروستییە زۆرەکانیەوە وەک چارەسەرێکی سروشتی بەکاریدەهێنن، ئەمەش وایکردووە ببێتە پڕۆژەیەکی بەسود، هەرچەندە خاوەنەکانیان دەڵێن، “پشتگیری ناکرێین.”

وریا عومەر، مامۆستای زانکۆی راپەڕین و خاوەنی گەورەترین پڕۆژەی بەخێوکردنی هەوێردەیە لە قەزای رانیە، بە 964ـی راگەیاند، “ئەم باڵندەیە بە ‘باڵندەی تاقیگە’ ناسراوە چونکە زوو وەچە دەخاتەوە.

سودە تەندروستییەکانیشی وایکردووە خەڵک خواستێکی زۆری لەسەر بێت، بەوتەى وریا عومەر، نزیکەی 1000 هەوێردەى هەیە و رۆژانە خۆیان و هێلکەکانیان دەخاتە بازاڕەوە.
سەرەڕای ئەم خواستە زۆرە، وریا عومەر گلەیی لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات و دەڵێت، “لە رانیە نزیکەی شەش پڕۆژەی بچوک و گەورە بەخێوکردنى هەوێردە هەن، بەڵام نەک پشتگیریمان ناکەن، بەڵکو هەندێکجار رێگریش دروست دەکەن، داواکارین زیاتر پەرە بەم پڕۆژانە بدرێت.”

سودە تەندروستییەکانی ئەم باڵندەیە لەلایەن پسپۆڕانەوە پشتڕاست دەکرێتەوە، دکتۆر عەبدولکەریم مەولود، مامۆستاى زانکۆ، بە 964ـی وت، “یەک گرام هێلکەی هەوێردە بە بەراورد بە یەک گرام هێلکەی مریشک، سێ هێندە زیاتر زینک، ئاسن و پڕۆتینی تێدایە، گۆشتەکەشی دەوڵەمەندە بە چەورییە سودبەخشەکان، ئەمەش وایکردووە خەڵک زیاتر رووی تێبکات.”
جگە لە بازاڕی ناوخۆیی، هەوێردەی کوردستان لە ئاستی جیهانیشدا پێگەیەکی زانستی بەدەستهێناوەبەوتەى بە وتەى دکتۆر عەبدولکەریم مەولود،، “لە کوردستان جۆری تایبەتی خۆمان هەیە، خۆشبەختانە دوای توێژینەوەی دوو پزیشکی پسپۆڕ، توانرا جۆرە کوردییەکە لە (ناوەندی نیشتمانی بۆ زانیاری بایۆتێکنەلۆجی-NCBI) بە ناوی ‘کوردش کوایڵ’ (Kurdish Quail) تۆمار بکرێت، ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ پاراستنی رەسەنایەتییەکەی.”

لە وەڵامی گلەیی بەخێوکەراندا، فیراز سادق، بەڕێوەبەری گشتی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم، بە 964ـی وت، “بەهۆی ئەوەی بەکارهێنانی کەم بووە، ئاماری وردمان لەبەردەستدا نییە، بەڵام لەگەڵ گۆڕانکاری لە رێنماییەکاندا، رێنمایی تایبەت بەم پڕۆژانە دادەنێین و پاڵپشتیان دەکەین.”

هەوێردە، کە لە ناوچە جیاوازەکاندا بە چەندین ناوی وەک (کەرەواڵە، سەمانەک، بەتەک، فیلە گێژە) ناسراوە، بەپێی وەرزەکان گەرمیان و کوێستان دەکات.

لە ئێستادا بازاڕی فرۆشتنی زۆر گەرمە؛ نرخی شەش هێلکە لە 1250دینارەوە دەست پێدەکات و نرخی باڵندەیەکیش بەپێی جۆری نێر و مێ لەنێوان دوو هەزار بۆ چوار هەزار دیناردایە.