جاربەجار سەرهەڵدەداتەوە

ئاگر و دووکەڵەکەی تانجەرۆ بەهۆی هەورەبروسکەوە بووە

دیلان محەمەد – سلێمانی

لە بەیانیی ئەمڕۆوە، بۆنی ناخۆش و دوکەڵ و ئاگری زبڵخانەی تانجەرۆ هەرای ناوەتەوە و بەشێکی زۆری هاوڵاتیانی شاری سلێمانی بێزار کردووە.

پەیامنێری 964 دوای بەدواداچوون و پەیوەندییەکی زۆری هاوڵاتیان، چووەتە شوێنی سەرچاوەی ئاگرەکە، بەهۆی توندی و ناخۆشیی بۆنەکەوە ماسکی بەستووە و بە زۆر قسەدەکات و دەڵێت، ئاگرەکە دوو هەفتە پێش ئێستا بەهۆی هەورەبروسکەوە کەوتووەتەوە و سێ رۆژ بەردەوام بووە تا کۆنتڕۆڵ کراوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی خاشاکەکە چەندین چینە و بە ئاسانی گڕ دەگرێتەوە، بەیانیی ئەمڕۆ بەهۆی هەڵکردنی باوە ئاگرەکە جارێکی تر سەری هەڵداوەتەوە.

بەپێی دیمەنەکان، چەندین تیمی فریاگوزاری بە ئامێری قورسەوە لە شوێنەکەن بۆ ئەوەی ئاگرەکە بپۆشن و کۆنتڕۆڵی بکەن، بەڵام ئاستی دووکەڵەکە بەجۆرێک ئاسمانی سلێمانی داپۆشیوە کە تەنانەت چیای گۆیژەش دیار نەماوە.

ئەم زبڵخانەیە سەر بە کۆمپانیایەکی تایبەتی ریسایکڵینە و خاشاکی سلێمانیی بۆ دەبرێت، سەرپەرشتیارانی پرۆسەکە جەخت دەکەنەوە کە کۆنتڕۆڵکردنی ئاگر لەناو خاشاکدا دوو هێندە قورسترە لە هەر ئاگرێکی تر، هاوکات هاوڵاتییانیش داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن بە زووترین کات چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ ئەم گرفتە بدۆزنەوە.

پێداچوونەوە؛ پەری ساڵح