فەتحوڵا حەوسەینی
ئاڵای سوریای نوێ لە سێمالکا بەرزکرایەوە
گەڕێكی دیكەی گفتوگۆی “خۆسەری دیموکراتیک و دیمەشق” دەستپێدەكاتەوە
964+
ژووری هەواڵ
نوێنەری ئیدارەی خۆسەری دیموكراتیی رۆژئاوای كوردستان لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە نزیکترین کاتدا شاندێکی خۆسەری دیموکراتیک لە رۆژئاوای کوردستانەوە سەردانی دیمەشق دەکەن، باس لەوەش دەکات، ئەوان لەگەڵ یەکگرتووی خاکی سوریان تا ئەو کاتەی مافەکانیان پێشێل ناکرێت.
فەتحوڵا حەوسەینی ئەمڕۆ دووشەممە 29.9.2025 بە 964ی راگەیاند، “ئێمە بەردەوامین لە گفتوگۆکانمان لەگەڵ دیمەشق؛ تا ئەم چرکەساتە بەشێکین لە نەخشەی سوریا، ئێمە دەمانەوێت ماف و ویستی هەموو نەتەوە و پێکهاتە جیاوازەکانی سوریا لەلایەن حکومەتی تازەی دیمەشقەوە فەراهەم بکرێت”.
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی بۆ دوای نزیکەی ساڵێک تازە بە تازە ئاڵای سوریا لە خاڵی سنووری سێمالکا هەڵدەدەن، ئەو وتی: “ئەمە شتێکی ئاساییە، لە دوای رووخانی بەشار ئەسەد ئێمە ئاڵای نوێی سوریامان قبوڵ بوو، هەر بۆیە دوابەدوای گۆڕانکارییەکان لە تەواوی دامودەزگاکان، ئەو ئاڵایەمان بەرزکردەوە و هەر لەم چوارچێوەیەشدا لە نوێترین هەنگاوماندا بۆ یەکەم جار ئاڵای سوریامان لە دەرگای سێمالکا لە پاڵ ئاڵای خۆسەری دیموکراتیک بەرزکردەوە”.
ئەمانە لە کاتێکدایە دوا بەدوای 8ی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو لەگەڵ رووخانی حکومەتی بەشار ئەسەد و سەرلەنوێ دروستکردنەوەی حکومەت لە وڵاتەکەدا، کوردانی رۆژئاوای کوردستان بە رێگای سەرکردەکانی خۆسەریی دیموکراتیک و هێزەکانی سوریای دیموکراتیک، دەستیان بە چەند سەردانیکی جیاواز کرد و گفتوگۆیان لەسەر پرسی کوردان لە ناو سوریای نوێدا کرد، تا ئێستاش ئەم گفتوگۆیانە بەردەوامییان هەیە.