لەسەر شۆستە پارکی کردووە

هاتوچۆی کەرکوک ئۆتۆمبێلێکی خۆیان غەرامە کرد

964+

کاروان ساڵحی – کەرکوک

هەمیشە ئەو قسەیە دەکرێت یاسا دەبیت بۆ هەمووان وەک یەک بێت، ئەوەتا ئۆتۆمبێلێکی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆی کەرکوک بە بڕی یەک ملیۆن دینار سزا درا و هەروەها دوو ئۆتۆمبێلی دیکەش هەریەک بە بڕی 250 هەزار دینار سزا دران.

فەلاح یایچی قایمقامی کەرکوک بە 964ـی وت، ئەمڕۆ یەکشەممە 28.9.2025 ئۆتۆمبێلێکی جۆری تۆیۆتا راف سەر بە بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆی کەرکوک لە سەر شۆستەیەک لە شەقامی رێگای بەغدا پارکی کردووە ئێمەش بە پێی بڕیاری 296 ساڵی 1990 بە بڕی یەک ملیۆن دینار سزامان  داوە.

دەشلیت، هاوپێچی نووسراوەکەمان ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان کردووە، هەر ئەمڕۆ دوو شۆفێری دیکە هەریەک بە بڕی 250 هەزار دینار سزا دران یەکێکیان بەهۆی خواردنی چەرەز و گوڵەبەڕۆژە پاشان پاشماوەکە لە جامی ئۆتۆمبێلەکەوە فڕێ داوەتە سەر شەقام و ئەوەی دیکەش بەهۆی ئەوەی دوای خواردنەوەی دەبە ئاوێک بەهەمان شێوە فڕێیداوەتە سەر شەقامێک.

یایچی ئاماژەی بەوەشکرد، داواکارن لە هاوڵاتیان هەرکەسێکیان بینی لە ئۆتۆمبێلەکەیەوە پاشماوە فڕێدەدات هەوڵ بدەن وێنەیکی بگرن و بۆیانی بنێرن، بێ ئەوەی ئاماژە بە ناویان بکەن سزا دەدرێن، هەروەها داوای لە پارێزگاری کەرکوک کردووە ئەو پارەیەی لە سزا کۆدەکرێتەوە، تەرخان بکرێت بۆ هەر حاڵەتێکی نەخوازراو  و کتوپڕ کە پێویستی بە بودجە بێت.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

حاڵەتێکی سەیر لە ناو تاکسییەکانی هەولێر روویداوە

حاڵەتێکی سەیر لە ناو تاکسییەکانی هەولێر روویداوە