لە چۆمان

عەلوەیەکی کاتی بۆ تەماتە سوورەکەی باڵەکایەتی کرایەوە

ئاکام غەفور – سۆران

بازرگانێک هەستاوە بە کردنەوەی عەلوەیەکی کاتی لە چۆمان تایبەت بە وەرگرتنی تەماتەی باڵەکایەتی، ئیتر ئەو هەموو پیکابە لە باڵەکایەتی ناچێت بۆ هەولێر و رۆژانە بە دوو بۆ سێ بارهەڵگر تەماتەکان دەگوازنەوە پایتەخت.

عەلوەکە بە دڵی جوتیارانە کاتێکی کەمتریان دەوێت بۆ گواستنەوەی بەرهەمەکەیان و لەلایەکی تریش رۆژانە لە بری ئەوەی 50 پیکاب  بەو رێگایە بچێتە هەولێر، بە دوو بارهەڵگر تەماتەکان دەگوازنەوە، کە زۆر جار لە رێگا توشی رووداوی هاتوچۆ دەبوون، وەک رووداوەکەی دوو رۆژ پێش ئێستای گەلی عەلی بەگ کە پیکابێک بە بارێک تەماتە لەگەڵ ئۆتۆمبێلێک توشی رووداو بوون و بەهۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا.

ئەحمەد رەزا، جوتیارێکی باڵەکایەتیە، بە 964ـی وت، “ئەمە هۆکارە بۆ ئەوەی بە کاتێکی کەمتر بەرهەمەکانمان ساغ ببێتەوە، نرخەکەشی گونجاوە بۆ ئێمە”.

حەیدەر ئەحمەد، بازرگانەکەیە بۆ 964 وتی، “ئامانج لەو کارەکە قازانجی خۆم و جوتیارانە، رۆژانە تاکو بەرهەمی تەماتە هەیە هەر چەند بێت لێرە بە پێی نرخی رۆژ لێیان وەردەگرین و دەیگوازینەوە هەولێر”.

بەپێی ئاماری کشتوکاڵی چۆمان، ئەمساڵ نزیکەی حەوت هەزار دۆنم زەوی لە سنوری باڵەکایەتی کراوە بە تەماتە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری