بەڕێژەیەكی زۆر خۆراك فڕێ دەدرێت
رۆژانە 2000 تۆن زبڵ و خاشاك لەناو هەولێر و دەورووبەری كۆدەكرێتەوە
964+
محەمەد فاتیح
ژینگەپارێزانی شاری هەولێر، بە چەندین ئامێری جیاواز سەرقاڵی پاككردنەوەی پایتەختى هەرێمی كوردستانن و رۆژانە لەناو هەولێر و دەروبەری، نزیكەی دوو هەزار تۆن زبڵ و خاشاك كۆدەكەنەوە و لەناوی دەبەن.
ئامێری تانكەری ئاو و ئامێری گسكدانيان هەیە، بۆ شۆردن و گسكدانی شەقامەكانی شاری هەولێر و شۆفڵ و قەلابەش بۆ ئەو گۆڕەپانانە تەرخان كراوە، كه رۆژانە پیس دەكرێن و خەڵك شتومەكی تێيدا فڕێ دەدەن.
ژیار جەلال، بەڕێوەبەری ژینگەپارێزی هەولێر، تایبەت بە 964ـی وت، ژمارەی كرێكارەكانى ژینگەپارێزانی شاری هەولێر، 1297 كرێكارە و دابەشی سەر شەقامەكانی شاری هەولێر كراون و رۆژانە خاوێنيان دەكەنەوە، 600 ئامێریش بۆ ناو شاری هەولێر و دەوروبەری دابینكراون و رۆژانە خەریكی كۆكردنەوە و گواستنەوەی خۆڵ و خاشاكن و دەیگوازنەوە بۆ زبڵخانەی كانی قرژاڵە.
-رۆژانە نزیكەی دوو هەزار تۆن زبڵ و خاشاك لە شاری هەولێر و دەوروبەری كۆدەكرێنەوە و دەبرێن بۆ زبڵخانەی كانی قرژاڵە.
-500 تۆنی هی دەوروبەری هەولێرە.
-1200 تۆنی هی ناو هەولێرە.
-200 تۆنیشی هى فەرمانگە حكومییەكان و شارەكانی وەبەرهێنانە.
-لەو دوو هەزار تۆن پاشماوەیە 39.5% پاشماوەی خۆراكییە.
-25% پاشماوەی پلاستیكییە.
– ئەوانی تریش دابەش دەبێت بەسەر پێكهاتەكانی تردا .
ژیار جەلال، وتيشى، ساڵانە ئێمە سێ جار ئەو شیتەڵییە دەكەین، هەشت جاریش كێشانی خۆڵ و خاشاك ئەنجام دەدەین.