خەڵکی گەڕەکی 105ی قڕگەی نوێ ژیانیان نییە

“نە ئاومان هەیە و نە ئاوەڕۆ، بۆنی پیس بێزاری کردووین”

دیلان محەمەدجەزا

ژمارەیەک لە هاوڵاتیانی گەڕەکی 105ی قڕگەی نوێ لە سلێمانی، هانایان بۆ 964 هێناوە و دەڵێن بەدەست بۆنی پیس و مێشک و مەگەزەوە دەناڵێنن، ئاو و ئاوەڕۆشیان نییە.

کامێرای 964 ئەمڕۆ لە گەڕەکەکە بوو، دیمەنەکان دەردەکەون گەڕەکەکە کێشەی ئاو و ئاوەڕۆی هەیە و هەر ماڵە و ئاو و ئاوەڕۆی بەرەو ئەو شیوە دەچێت کە لە بەردەم گەڕەکەکەیە، ئیتر لەوێ کۆدەبێتەوە و بۆنێکی پیسی هەیە و خەڵکەکەی بێزار کردووە.

والی ساڵح هاوڵاتی گەڕەکەکەیە و دەڵێت، نە ئاومان هەیە و نە ئاوەڕۆ، لە خزمەتگوزاری حکومەت تەنیا کارەبامان هەیە.

وتیشی، چەندین جار پەیوەندیمان بە لایەنە بەرپرسەکان کردووە، بەڵام هیچمان بۆ ناکرێت و ئەوە هاوین بەڕێوەیە، ئیتر ناتوانیت موبەریدەش هەڵبکەین.

حەسەن عەلی هاوڵاتییەکی دیکەی گەڕەکەکەیە و بە 964ی وت، خۆیان هەندێک کاریان کردووە بۆ ئەوەی رێڕەوی ئاوەڕۆ هەبێت، بەڵام ئەوە چارەی دەردیان ناکات.

سەبارەت بەم کێشەیە، ئەنجومەن حەسەن، وتەبێژی شارەوانیی سلێمانی بە 964ی وت، بەشێک لە پڕۆژەکان پێشتر لە لایەن کۆمپانیاکانەوە وەرگیران و دواتر وەستاون، بەهۆی ئەوەی پارەیان نەدراوە، ئێمە نووسراومان کردووە بۆ ئەوەی پارەیان بۆ دابین بکرێت، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە و بەپێی رێنمایی حکومەتی هەرێم پارە بۆ کۆمپانیاکان و پڕۆژەکان خەرج ناکات و تەنیا پارە بۆ دابینکردنی 120 ملیاری بەغدا و دابینکردنی موچە کۆدەکرێتەوە.

وتیشی، ئەو پڕۆژەیە لە 2022ـەوە وەستاوە و پارەی کۆمپانیاکە خەرج نەکراوە، ئیتر ئەوانیش کارەکانیان راگرتووە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا