بانێکە و دوو هەوا

لەلایەک باس باسی رێککەوتنە و لەلایەکیش خەریکی نمایشکردنی موشەکن

شۆڕش قادری

ترەمپ لە نوێترین پۆستی خۆیدا وێنەی فڕۆکەیەکی جەنگی داناوە و لەسەر موشەکەکەی نووسیوە، “سوپاس بۆ سەرنجدانتان بەم بابەتە”، لەلایەکی دیکەشەوە نمایشی موشەک لەناو شەقامەکانی ئێران بەردەوامە و ئەمشەو لە چەند شوێنێک موشەکی خوڕەمشەهر نمایشکرا.

ئەوەش لەکاتێکدایە هەر ئەمشەو ترەمپ لە پۆستێکدا رایگەیاند، “ئەگەر لەگەڵ ئێران رێککەوتنێک بکەم، ئەوا رێککەوتنێکی باش و دروست دەبێت، نەک وەک ئەو رێککەوتنەی ئۆباما کردوویەتی، کە بڕە پارەیەکی زۆری کاشی بە ئێران بەخشی و رێگەی بۆ چەکی ئەتۆم کردەوە”.

ترەمپ وتی، “رێککەوتنەکەمان تەواو پێچەوانەیە، بەڵام کەس نەیبینیوە، یان نازانێت چییە، تەنانەت هێشتا بە تەواوی دانوستانیشی لەسەر نەکراوە، بۆیە گوێ لە دۆڕاوەکان مەگرن، کە رەخنە لە شتێک  دەگرن کە هیچی لەبارەوە نازانن”.