کرێکارێکی ژینگەپارێز بە درەنگانی شەو سەرقاڵی پاککردنەوەی باازاڕی شێخەڵایە
دەستی ماندوو لەسەر سکی تێرە
بازاڕی شێخەڵا لەلایەن ژینگە پارێزانەوە پاککرایەوە
ژوولی عەدنان
بازاڕی شیخەڵای هەولێر، لە لایەن ژینگەپارێزانەوە شەوی رابردوو پاککرایەوە و ئامادەکرایەوە بۆ دەستپێکی رۆژێکی پاک بۆ کاسبکاران و هاوڵاتیانی شارەکە.
کارزان عەبدولهادی سەرۆکی شارەوانیی هەولێر بە 964ی وت: ”تیمەکانمان 24 کاتژمێر سەرقاڵی پاککردنەوەی شارن، بەڵام بە چەند کاتێكی جیاواز، بۆ نموونە دوای نوێژی عیشا بازاڕەکان پاکدەکرێنەوە”.
وتیشی تەمەنی کرێکارەکان جیاوازن و گەنج و پیریشی تێدایە، شارەوانییەکانیشیان بۆ شەش بەش دابەشکردووە بەسەر کۆمپانیای پاککەرەوەکاندا.
”ئێمە بەدواداچوون و سەرپەرشتیی کاری کۆمپانیاکان دەکەین، تا بزانین لە چ ئاستێکدان”، کارزان عەبدولهادی ئەمەی وت.
بازاڕی شێخەڵا یەکێکە لە بازاڕە میللییە پڕ جموجۆڵەکانی هەولێر، رۆژانە خەڵکانێکی زۆر بە مەبەستی کڕینی پێداویستییەکانی رۆژانە سەردانی دەکەن، بەوهۆیەوە دوای داخستنی دوکان و کەپرەکان، پاشماوەی زبڵ و خاشاک بەجێدەمینێ و شارەوانی بە شەوان کاری پاككردنەوەی بۆ دەكەن..