بەڕێوەبەرى نەحیەى خدران: شتى وام نەبیستووە

ماڵ و خانووى ئاراسى شێخ جەنگى و براکانى روخێندراون؟

964+

وریا فەتاح

دەنگۆیەک هەیە کە ماڵ و خانووى ئاراس شێخ جەنگى و براکانى لە گوندى کەلکان رووخێندراون، بەڕێوەبەرى ناحیەى خدرانیش دەڵێت: ئاگادارى شتێکى وا نین.

دواى ئەوەى بەیانى ئەمڕۆ ئاراس شێخ جەنگى بڵاوى کردەوە کە هێزێکى کۆماندۆ لە گوندى کەلکان چووەتە سەر ماڵەکەی و دەرگایان شکاندوەو خەریکی شکاندنی پەنجەرەو دیوارەکانن، زانیارییەک هەیە کە دەوترێت ماڵى ئاراس جەنگى و براکانى رووخێندرابن، بەڵام لە میدیاى فەرمى یەکێتى، رەتى کردەوە کە دەست بۆ ماڵ و حاڵى ئاراس شێخ جەنگى برابێت.

با رێگا بدرێت رۆژنامەنوسان بچن رەسمى ماڵەکان بگرن

ئاراس شێخ جەنگى دواى پۆستى یەکەمى لە فەیسبوک، پۆستێکى دیکەى بڵاوکردەوە و وەڵامى میدیاى یەکێتى دایەوە و بە زمانێکى توند نوسیویەتى،” ئەگەر راست دەکەن رێگا بدەن هەندێک رۆژنامەنوس بچن رەسمی ماڵەکە بگرن”.

دەنگۆیەک هەیە لە خەڵکى سنوورى خدران و بە 964 دراوە کە خانوو و ماڵى ئاراس شێخ جەنگى و براکانى بەشۆفڵ روخێندراون، لەسەر ئەو بابەتە 964 قسەى لەگەڵ یادگار عەبدولکەریم، بەڕێوەبەرى ناحیەى خدران کرد و لێى پرسی ئەوە راست خانوەکانیان رووخێندراون؟، ئەویش لە وڵامدا وتى،”هیچ زانیارییەکم نییە کە خانوەکانیان رووخێندرابن، شتێکى وامان نەبینیوە، هیزى کۆماندۆ وەک پێشتر هاتوون بۆ سنوورەکە و چونەتە میرزارۆستەم و چەند گوندێکى تر، وادیارە لەو چوارچێوەیە سەردانى کەلکانیشیان کردووە”.

بەڕێوەبەرى ناحیەى خدران رەتى ناکاتەوە کە خانوو و ماڵى ئاراس شێخ جەنگى و براکانى رووخێندرابن، تەنیا ئەوە نەبێت کە دەڵێت، زانیارى نییە شتى وا روویدابێت.

جەختیش دەکاتەوە کە رووخاندنى خانوو و ماڵى هاوڵاتیان لە دەسەڵاتى ئەواندا نییە، ئەگەر زێدەڕۆبێت و لە سنوورى شارەوانى بێت ئەوا شارەوانى بەو رێکارە هەڵدەستێت، بەڵام ئەگەر لە سنوورى شارەوانى نەبێت ئەوا ناحیە بەو کارە هەڵدەستێت.

“ئەگەر بڕیارى دادگا هەبێت کە شوێنێک بڕوخێندرێت، گومانى تێدا نییە کە هێزە ئەمنییەکان بە فەرمانى دادگا ئیش دەکەن، بە کۆماندۆشەوە کە هەموویان دەبێت فەرمانیان پێ بێت، چونکە ئەگەر هێزێک فەرمانى پێ نەبێت لە چوارچێوەى کارى حوکمى دەردەچێت”، بەڕێوەبەرى ناحیەى خدران واى وت.

964 لە بەڕێوەبەرى ناحیەى خدرانى پرسى، کەلکان چەند خولەک لە سەنتەرى ناحیەوە دوورە، بەڕێوەبەرى ناحیە وتى،”حەوت خولەک”، 964 پرسى کاتژمێرێک پێش ئەم گفتوگۆیەش لەسەر ئەو بابەتە قسەمان کرد نەدەکرا لەو ماوەیە لێکۆڵینەوە بکەن؟، بەڕێوەبەرى ناحیە وتى،”کەلکان زروفێکى تایبەتى هەیە، ئەو برادەرانە (مەبەست لێى ئاراس شێخ جەنگى و براکانییەتى) ماڵیان لەوێیە، ئێمە لەبەر ئەوە کەمتر تەداخولى ئەوێمان کردووە، بەڵام ئەوەى تۆ باسى دەکەى ئێستا بیستومە”.

کەلکان گوندێکە دەکەوێتە بنارى کۆسرەت لە سنوورى ناحیەى خدران کە سەر بە قەزاى دوکانە.

"کۆماندۆ هێزێکى تۆکمە و فەرمین ئیشى نایاسایى ناکەن"