"بە لێشاو دینار خراوەتە بازاڕەوە"
دۆلار هەڵبەز و دابەز دەکات؛ 100 دۆلار چووە سەروو 154 هەزار دینار
دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی
دۆلار هەڵبەز و دابەز دەکات و ئەمڕۆ بەهای 100 دۆلاری ئەمریکی بۆ نزیکەی 154 هەزار و 750 دینار بەرزبووەوە و دواتر سەربەرەو خوار بووەوە، وتەبێژی بازاڕی دراوی سلێمانیش دەڵێت، ئەم هەڵبەز و دابەزە مەترسیی نییە.
جەبار گۆران بە 964ـی وت، “ئەمڕۆ بە لێشاو دینار خراوەتە بازاڕەکانی کوردستان و عێراقەوە و خواست لە سەر دۆلار دروست بوو و ئەوەش هۆکاری سەرەکیی دابەزینی بەهای دینار بوو”.
“دەبێ بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بەهێز بێ و هیچ هۆکارێک بۆ دابەزینی بەهای دینار نییە، چونکە لە ئێستادا ئابووری عێراق بەهێزە”، جەبار گۆران وادەڵێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، لابردن سفرەکانی دیناری عێراقی ئیشی مستەفا سەنەد وەزیری گەیاندن یان بەتەنیا وەزیرێک نییە و دەبێ بانکی ناوەندیی و وەزارەتی دارایی عێراق بیکات.
وەک جەبار گۆران باسی دەکات، ئەگەر چەند سفرێکی سەر دراوی دینار لاببرێت، کاریگەری ئەرێنی لەسەر گیرفانی خەڵک و بازاڕ دروست دەکات.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری