خێرخوازێکە و خوشکەکەی بە شێرپەنجە کۆچی دوایی کردووە
100 بلیتی کۆنسێرتەکەی کەمال محەمەدی بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە کڕی
دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی
خێرخوازێک دڵی لای نەخۆشانی شێرپەنجەیە و 100 بلیتی کۆنسێرتەکەی کەمال محەمەدی بۆ کڕین.
پەیوەند کاروان گەنجێکی شاری سلێمانییە و بە 964ـی وت، “کەس بەقەدەر من لە ئازار و مەینەتییەکانی نەخۆشانی شێرپەنجە تێناگات، چونکە خوشکە تاقانەکەم گرفتاری ئەو نەخۆشییە بوو و هەر بەو دەردەشەوە ماڵئاوایی لێکرین”.
“100 تیکتی کۆنسێرتەکەی کەمال محەمەدم بۆ نەخۆشانی نەخۆشخانەی هیوا کڕیوە و بڕیاریشم داوە لە داهاتوودا بینایەک لە تەنیشت نەخۆشخانەکە بە هەموو پێداویستییەکەوە دروست بکەم بۆ مانەوەی ئەو نەخۆشانەی لە دەرەوەی شاری سلێمانییەوە دێن”، پەیوەند کاروان وای وت.
بڕیارە رۆژی 27ـی ئەم مانگە هونەرمەند کەمال محەمەد کۆنسێرتێک ساز بکات و پارەی بلیتەکانیشی بۆ نەخۆشانی شێرپەنجەیە، 964ـیش یەکەم بلیتی کۆنسێرتەکەی کڕیوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری