"بۆ رێگریکردن لە دیاردەی گزی"

لە رۆژانی تاقیکردنەوەی خولی دووەمی پۆلی 12 هێڵەکانی ئینتەرنێت رادەگیرێن

شۆڕش قادری

لە رۆژانی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی خولی دووەمی پۆلی 12ـی ئامادەیی هێڵەکانی ئینتەرنێت رادەگیرێن کە لە سبەی شەممەوە دەستپێدەکەن.

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە و بە نووسراو داوایان لێکراوە، لە رۆژانی تاقیکردنەوەکان ئینتەرنێت رابگرن لەبەر بەرژەوەندی گشتی و رێگری کردن لە دیاردەی گزی کردن (غش) لە تاقیکردنەوەکانی خولی دووەم کە بەیانی رۆژی شەممە 23.8.2025 دەستپێدەکات و بە شێوەی رۆژێک نا رۆژێک تا رۆژی 8.9.2025 بەردەوام دەبێت.

ئاماژە بەوەشکراوە، تەنیا لە رۆژانی تاقیکردنەوەکان هێڵەکانی ئینتەرنێت و هەموو جۆرە نامەیەکی (MMS) رادەگیرێت، لە کاتژمێر (6:30) خولەکی بەیانی تاوەکو کاتژمێر (7:45) خولەکی بەیانی.

هەربەپێی راگەیەنراوەکە، ئەو شوێنانەشی دیاریکراون کە پێویستە لە هەموو حاڵەتێکدا ئینتەرنێتیان هەبێت، بە هەمان میکانیزمی پێشوو بێت و ئینتەرنێتیان بەردەوام دەبێت.